لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مایەی دەستخۆشی و ستایشی وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بوو

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مایەی دەستخۆشی و ستایشی وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بوو
لە وەڵامی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی(IOM)، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مایەی دەستخۆشی و ستایشی وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بوو
رۆژی 8 ی سێپتێمبەری 2020 رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی(IOM) دوایین راپۆرتی خۆی دەربارەی رێوشوێنە تەندروستییەکان لە دەروازییە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پیادە کردنی سیستمی DTM کە سیستمێکی کارپێکراوی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییە، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بە شێوەیەکی گشتی رێکارەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی رێکوپێک ئەنجام دەدرێن.
لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: بەر لەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم بڵاو ببێتەوە، حكومەتی هەرێم رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی دەستپێكرد بە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ پارێزگاکان، لە هەمان کاتدا داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوی تەندروستی جیهانی كرا كە گرنگییەكی زۆر بە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران بدرێت لەو رووەوە و چەندین خاڵی پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا لە فڕۆكەخانە و خاڵە سنوورییەكان دانران.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە دەروازە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل، باشماخ و فیشخابوور پشکنینەکانی کۆرۆنا بە رێکوپێکی ئەنجام دەدرێن بۆ گشت رێبواران و شوفێران کە دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێم و بیانییەکان کە روو لە وڵاتی تورکیا و ئێران و سوریا دەکەن، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەم رووەوە وتی: بەپێی ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم دیارییکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەکان، نیشتەجێبووان یان ئەو گەشتیارانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان، پێویستە بەر لە هاتنیان بە ٤٨ کاتژمێر یان لە کاتی گەیشتنیان بۆ دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنای جۆری (PCR) ئەنجام بدەن، هەروەها لە دوای گەیشتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەڵێننامەیەک پڕ دەکەنەوە کە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن.
ئەوەشی راگەیاند هاووڵاتیانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان لە کاتی گەڕانەوەیان لە دەرەوە هەمان ئەو رێنماییانەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت پێش ئەوەی مۆڵەتی هاتنە ژوورەوەیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان پێبدرێت. بۆ ئەم مەبەستەش مەشق و راهێنان بە فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان کراوە بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و ئەنجامدانی پشکنینی تایبەت، هەروەها لە گشت دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی رێنمایی و بڵاوکراوەی جۆراوجۆری تایبەت بە چۆنیەتی خۆپاراستن دانراوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مایەی دەستخۆشی و ستایشی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتان بوون، بەشێک لە رێکخراو و ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵخانەی وڵاتان بە شێوازی جیاجیا هاوکارییان پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، چونکە تا راددەیەکی زۆر توانرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام پابەندنەبوونی بەشێک لە هاووڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەکان و گەڕانەوەی هاووڵاتیانی هەرێم لە دەرەوەی وڵات و ئەوانەی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق لە ئەرکدا بوون ، هۆکارێک بوو بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان.
Top