شەش ساڵە داوای پێکهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەولێر دەکرێت

شەش ساڵە داوای پێکهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەولێر دەکرێت
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، رایگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆدەبێتەوە، دەنگدان لەسەر ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت کە پێشتر ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگا کراوە بۆ پەسندکردن و ماوەی شەش ساڵە داوای پێکهێنانی کراوە.

مەریوان پیرباڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 16-09-2020 ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 80ی خۆی ئەنجامدەدات. تێیدا دەنگدان لەسەر ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ھەولێر بەڕێوەدەچێت، کە پێشتر ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کراوە بۆ پەسندکردن".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاماژە بەوەش دەکات "ئەنجوومەنی شارەوانیی ھەولێر لە 21 ئەندام پێکھاتووە و سەرۆکی شارەوانی دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان تێیدا ئەندامن. ئەنجوومەنەکەش هەفتانە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات".

لەبارەی تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر،، مەریوان پیرباڵ باسی لەوە کرد "رەوا یاسین سەعید ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، کە لە شوێنی ژینۆ محەممەد لەسەر پشکی یەکێتی بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە، دەبێتە ئەندامی چوار لیژنەی ئەنجوومەن کە لیژنەکانی مافی مرۆڤ، تەندروستی، سکاڵا و شارەوانین".

ئەنجوومەنی شارەوانییەکان ماوەی شەش ساڵە داوای پێکهێنانی کراوە، بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری ھاونیشتمانیان و بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان.


rudaw
Top