سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات
ئهمڕۆ سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2020 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران، هەورەها ڕۆشنایی خرایە سەر تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، سەرۆك بارزانی بۆچوون و تێبینییەكانی لەمەڕ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و یاسای هەڵبژاردن بۆ نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان خستە ڕوو.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا، پەیوەست بە دەڤەری شنگالیش هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە دۆخێكی لەبار دروست بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی ئاوارەی دەڤەری شنگال بتوانن بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
باسنيوز
