لە هەرێمی کوردستان رووداوەکانی هاتووچۆ %37 کەمیان کردووە

لە هەرێمی کوردستان رووداوەکانی هاتووچۆ %37 کەمیان کردووە
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان 37٪ کەمیان کردووە، بەڵام هێشتایش هەزار و 301 ئۆتۆمبێل بە یەکیاندا داوە و وەرگەڕاون، 198 کەسیان کوشتووە، دوو هەزار و 13 سەرنشین برینداربوون.

دووەم جارە بەهۆی تیژلێخورینەوە ئۆتۆمبێلێک لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و خاوەنەکەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە.

شوان عەبدولکەریم 30 ساڵە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی وەرگەڕاوە، مانگانە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل چاک دەکاتەوە کە لە رووداوی هاتووچۆدا تێکچوون.

شوان عەبدولکەریم، وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان خێراییان تەواوە، بەڵام کۆلێتییەکەیان باش نییە، بۆیە ئەو رووداوانە روودەدەن. کوالێتیی ئەمانە لەگەڵ ئەوروپیدا جیاوازن مواسەفاتیان بەرزە، بەڵام ئەوەی دێتە عێراقەوە هیچی تێدا نییە و کێشیان سووکە".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی ئەمساڵدا 37٪ رووداوەکانی هاتووچۆ بە بەراورد بە شەمانگی ساڵی رابردوو کەمیان کردووە، بەجۆرێک ئەمساڵ هەزار و 301 رووداوی هاتووچۆ روویان داوە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 13 سەرنشین برینداربوون و 198 سەرنشینیش مردوون.

لە شەش مانگی ساڵی 2019دا دوو هەزار و 25 رووداوی هاتووچۆ روویداوە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 860 کەس برینداربوون و 257 کەسیشیان مردوون.

عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمساڵ ئەگەر بەراوردی بکەین بە پار، رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. ئەوەیش بەهۆی ئەو کەرەنتینەیەی لە چەند مانگی رابردوودا راگەیێندراوە. هۆکاری سەرەکیی رووداوەکان خێراییە. هەروەها بەکارهێنانی مۆبایلیش هۆکارێکی دیکەیە".

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن. زیاتر لە 70٪ی رێگەکانی دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستانیش یەکسایدن. بەپێی ئامارەکان هەفتانە 7 بۆ 10 کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە لە کوردستان گیان لە دەستدەدەن.

رووداوەکانی هاتووچۆ لە 2020ـدا:

1,301 رووداوی هاتووچۆ

2,013 کەس برینداربوون

198 کەس مردوون

رووداوەکانی هاتووچۆ لە 2019دا:

2,025 رووداوی هاتووچۆ

2,860 کەس برینداربوون

257 کەس مردوون

rudaw
Top