قوباد تاڵەبانی: دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەربازگەی کەی وەن
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، بۆ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکای روونکردووەتەوە "کە لە دانووستانەکانمان لەگەڵ بەغدا ئەم باسەمان [گەڕانەوەی پێشمەرگە] لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ كردووەتەوە".
ئێستا، بە گوتەی قوباد تاڵەبانی، هەردوولا تاوتوێی زەمینە و رێوشوێنی گونجاو دەكەن بۆ "چۆنیەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ بنکەی سەربازیی کەی وەن".
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا، هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان باسکراون، هەروەها بارودۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 14-9-2020 ماتیۆ تولەر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی "نەخوازراوی" ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و "نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو رەفتارەی لە بەرامبەر دانیشتووانی کوردی ئەو دەڤەرانە دەکرێت".
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە:
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رۆژی ١٤ ئهیلوولی ٢٠٢٠، وەك سەرۆكی شاندی باڵای هەرێم بۆ دانوستان، دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی لەگەڵ ماثیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی گشتی ئەم وڵاتە لە هەولێر تاوتوێ كرد.
لەبەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا، هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان باسکران، هەروەها بارودۆخی پەتای كۆرۆنا گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لەلای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر هەڵوێستی هەرێم لەبارەی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک كردهوه و بە تایبەتی بۆ بنكەی سەربازی كەی وەن. لەمبارەیەشەوە راگەیاند لە گفتوگۆكانیدا لە بەغدا ئەم باسەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ كردووەتەوە بەمەبەستی هاوكاریكردن و بەشداریی کردنی پێشمەرگە لە بەرقەراركردنی ئارامی و سەقامگیری لەو ناوچانە. لە ئێستاشدا هەردوولا تاوتوێی زەمینە و میكانیزم و رێوشوێنی گونجاو بۆ چۆنیەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک دەكەن.
rudaw
