شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان

شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان

گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق دەسپێدەکاتەوە، قسە لەسەر جێگیرکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی سێ ساڵی داهاتوودا دەکرێت.

بڕیارە رۆژی سێشەممە 2020/09/15 بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە ستراتیژییەکانی نووسینەوەی بودجەی سێ ساڵی داھاتوو دەست پێبکاتەوە.

شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021، 2022 و 2023ـدا.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جارێ سەرەتایە، بەڵام ئەمە ستراتیژیەتە نەک رەشنووسی بودجە. بێ گومان ھیوامان ھەیە، چونکە شاندی هەرێمی کوردستان لەم داڕشتنەوەیەدا بەشدارە، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی خۆیان دەدەن کە خەڵکی کوردستان زیانمەند نەبن"

بەپێی زانیاریەکانی رووداو، بۆ ساڵی 2020 پشکی ھەرێمی کوردستان 12,67٪ دیاریکراوە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێی وایە کە لە داڕشتنەوەی رەشنووسی بودجەی سێ ساڵی داھاتوودا پشکی ھەرێمی کوردستانیش مایەی گۆڕانکارییە.

عەبد زەھرە ھنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "یاسای بودجە یاسایەکی فیدراڵییە. پشکی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەدا ئاشکرایە. رەنگە رێککەوتن لەسەر شێوازێکی نوێ بکرێت جیاواز لە بودجەکانی دیکە، بەوەی ئەمە زیاتر لە ساڵێک دەبێت، ئەمەش ھەمووی شایانی گفتوگۆ و قسەکردنە لەلایەن کەسانی پەیوەست بەم کارەوە".

لە ساڵی 2011وە زۆربەی ساڵەکان بودجەی گشتی لەکاتی خۆیدا پەسند نەکراوە و جاری واش ھەبووە بەبێ بودجە بەڕێکراوە.

سێ بەشی ساڵی 2020 تێپەڕیوە، کەچی ھێشتا عێراق بەبێ یاسای بودجە کاردەکات، ئەمە وایکردوە حکومەتی عێراق بۆ ساڵانی داھاتوو بیر لە رێگەیەکی دیکە بکاتەوە. ھەر بۆیە وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی عێراقی رایانگەیاندووە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەشنووسی بودجەی سێ ساڵی داھاتووی 2021، 2022 و 2023 بنووسنەوە.


rudaw
Top