خوێندنی باڵا مەرجەکانی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی 12ـی لە زانکۆکان بڵاوکردەوە

خوێندنی باڵا مەرجەکانی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی 12ـی لە زانکۆکان بڵاوکردەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان مەرج و رێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2020 - 2021 بڵاوکردەوە و دەڵێت، وەرگرتن لە بەشەکان بەشێوازی وەرگرتنی ناوەندی (قبووڵ مەرکەزی) و بە هەژمارکردنی سیستەمی کریدیت بۆ هەموو کۆلێژ و بەشەکان جێبەجێدەکرێت.


کلیک بکە بۆ بینینی رێنماییەکان:

لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، مەرج نییە هەر قوتابییەک کە فۆرم پێشکەشدەکات وەربگیرێت "چونکە، وەرگرتن بەپێی چەند بنەمایەکی زانستی عەدالەتئامێز و لەسەر بنچینەی کێبڕکێی کۆنمرە لەنێوان تێکڕای قوتابیان دەبێت".

هەموو دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2019 - 2020 بە هەردوو خولەوە بەشدار دەبن لە یەک پرۆسەی کێبڕکێ. هاوکات قوتابی مافی نییە لە هەمانکاتدا لە زانکۆ یان پەیمانگەیەکی حکومی و زانکۆ یان پەیمانگەیەکی ئەهلی بخوێنێت. ئەگەر ئەوە روویدا، ئەوا پێویستە خوێندکار لە 10 رۆژ دوای راگەیاندنی ناوەکان، بڕیاری خۆی بدات.

لە رێنمایی و مەرجەکاندا ئەوەش هاتووە، ئەو قوتابیەی ساڵانی پێشتر فۆرمی پێشکەشکردووە لە یەکێک لە کۆلێژ و فاکەڵتی یان پەیمانگەکان وەرگیراوە، ئەگەر پەیوەندی بە خوێندنەکەی کردبێت یان نەکردبێت، "مافی نییە جارێکی دیکە داواکاریی وەرگرتن پێشکێش بکات بۆ زانکۆ لاین". ئەو بڕیارە وەرگیراوانی پارالێل و ئێوارانیش دەگرێتەوە.

لە مەرجە گشتییەکانیشدا هاتووە، قوتابی دەبێت خاوەنی رەگەزنامەی عێراق بێت، ئەو قوتابیانەی عێراقیش نین دەبێت کارتی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانیان هەبێت.

قوتابی دەبێت دەرچووی قوتابخانە ئامادەییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بێت و بڕوانامەکەی پەسندکرا بێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکەیەوە.

دەرچووانی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەت بە هاوئاهەنگیی زانکۆکان بەپێی شایستەبوونیان سەیری داواکارییەکانیان دەکرێت.

لە بڕگەی سێیەمی رێنمایی و مەرجەکانی خوێندنی باڵادا هاتووە، دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەشی زانستی بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری و زانست دەتوانن تەنیا نمرەی وانە پەیوەندیدارەکان لە (فیزیا، کیمیا، بیرکاری، زیندەوەرزانی و زمانی ئینگلیزی) هەژمار بکەن.

rudaw
Top