سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق دەكات
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ سه‌لاحه‌ددین، پێشوازى له‌ باڵوێزى ئه‌مریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 14/9/2020 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵوێزى ئه‌مریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارەكەدا كە ڕۆبێرت واڵەر، كونسوڵی تازەی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق سڵاوی تایبەتی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختیشی لە دۆستایەتیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕاشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەناو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری ئەمریكا جێگەی بایەخێكی تایبەتە.

باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەمریكا دەیەوێ لە چوارچێوەی دیاڵۆگی ستراتیژیدا یارمەتیی دۆستەكانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق، هەر لەو كۆبوونەویەەدا شاندی میوان تەئكیدیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی وڵاتەكەیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە.

لە بەشێكی دیكه‌ی ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و ئەمریكا، سوپاسی دامەزراوە و ناوەندەكانی بڕیاری ئەمریكای كرد كە بە بایەخەوە سەیری بارودۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەورەها هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی تازەی ئەمریكا لە ئەرك و كارەكانیدا خواست.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و تەحەددیاتی بەردەم حكوومەتی عێراقی و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، هەروەها لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ڕەهەندە ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانی كۆمەڵگە تەوەرێكى دیكه‌ى ئەو دیدارە بوون.












باسنيوز


Top