سەركردەیەكی پێشووی یەكێتی: كابینەی نۆیەمی حكوومەت ڕۆڵێكی كارای لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان هەبووە
محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی کارای ھەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا، بە تایبەتی لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە بە شێویەکی خێرا لە جیھاندا بڵاوبوویەوە و جھانی تووشی شۆک و داڕمانی ئابووریی کرد، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانی لە ماوەیەکی کەمدا ڕێکارێکی توند بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بگرێتە بەر، خۆشبەختانە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ هەندێك ناوچەی دیكەی دونیا، ڕێژەیەكی كەمی حاڵەتی مردنی بەو ڤایرۆسە تۆمار كردووە“.
جەختیشی كردەوە كە ”ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی كوردستان لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا کەمتەرخەم بوایە، کارەساتی گەورە ڕووی دەدا“.
محەمەد وەتمان كە یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی یەكێتی دەڵێت: ”ماوەی ساڵێکە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھێنراوە، ناکرێت خەڵکی وا بیر بکاتەوە كە ئەم کابینەیە ھیچی نەکردووە، بە پێچەوانەوە سەرەڕای قەیرانەکان، ئەم کابینەیە توانیویەتی تاڕادەیەکی باش پڕۆژەی خزمەتگوزاریی باش بۆ شارەکانی کوردستان جێبەجێ بکات، باشترە بۆ ئایندە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەموو شار و قەزا و ناحیەیەك ئەنجام بدات“.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا سەركردەكەی پێشووی یەكێتی باسی لە یاسای چاكسازی كرد كە بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و گوتی: ”بە جێبەجێكردنی یاساكە، پارەیەکی زۆر بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە، بێگومان ئەو کاتە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو پارەیە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا جێبەجێ بکات، بۆیە ھیوادارم یاسای چاکسازی بە زوویی جێبەجێ بکرێت و لەسەرەوە تاوەکو خوارەوە بگرێتەوە“.
محەمەد وەتمان بە پێویستی دەزانێت، یەکێتی و پارتی واز لە ناکۆکیی نێوان خۆیان بھێنن و یەکدەنگ بن بۆ سەرخستنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ”بۆ ئەوەی ئەم قەوارە سیاسییە بمێنێتەوە و ھیچ زیانی بەرنەکەوێت".
باسنیوز
