مارف عومه‌ر گوڵ: كابینەی نۆیەم لە په‌یوه‌ندی لەگەڵ عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیش هه‌نگاوی باشی ناوه
د.مارف عومه‌ر گوڵ، نووسه‌ر و چاودێری سیاسی له شاری سلێمانی و خاوه‌نی كتێبی به‌ناوبانگ (بارودۆخی كورد له چه‌ند بابه‌تێكی یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا) گوتی: "ئێمه به‌پێی ده‌ستوور هه‌رێمێكی فیدراڵین له عێراقدا و به‌پێی ده‌ستوور هه‌موو ئەو ماف و ئه‌ركانه‌ی هه‌یه، ده‌ستوور بۆی دیار کردووە، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت له چوارچێوه‌ی عێراقدا بین و به ئاشتی له‌گه‌ڵ عێراقدا بژین، دەبێ مافه‌كانمان دیاریكراو بێت. له ساڵانی رابردوودا زۆر گرفت له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا دروست بووه، كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر هۆكار بوون بۆ ئه‌و گرفتانه، له‌وانه فاكته‌ری سیاسی و هه‌رێمی و فاكته‌ری شۆڤێنیه‌تی و ده‌مارگیری و مه‌زهه‌بی، هه‌موو ئه‌مانه رۆڵی خۆیان له‌و گرفتانه‌دا بینیوە، له‌لای ئێمه‌شه‌وه فاكته‌ری ئه‌وه‌ی كورد نه‌یتوانیوه تائێستا له هه‌ندێك پرسی گرندا یه‌ك په‌یام و یه‌ك ده‌نگ بێت، ناوماڵی كورد جۆرێك له ناڕێکیی پێوه دیاره، جۆرێك له نه‌گونجانی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی له چوارچێوه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان، له‌سه‌ر ئامانج و په‌یامه‌كان، جگه له‌وه گرفتی ناوخۆ زیانی له پرسه جه‌وهه‌رییه‌كه‌ی خۆمان داوه، بۆیە گرنگه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین و هه‌میشه له‌سه‌ر ئه‌وه سوور بین، كه ئه‌وه‌ی خۆمان پێی رازین، له ده‌ستووری عێراقدا به‌دی بهێنین".
گوتیشی: "له سه‌رجه‌م سیسته‌مه فیدراڵییه‌كانی دنیادا ناكۆكی هه‌بووه، ناوه‌ند ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زیی ده‌یه‌وێت، کە زیاتر ده‌سه‌ڵاتی خۆی بێت و كه‌مترین ده‌سه‌ڵات بداته هه‌رێمه‌كان، هه‌رێمه‌كانیش ده‌یانه‌وێت ئه‌و ماف و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی مه‌به‌ستیانه به‌ده‌ستی بێنن، تا موماره‌سه‌ی بكه‌ین، وڵاتی ئێمه‌ش به‌ده‌ر نییه له‌و ناكۆكییانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مێژوویه‌كی درێژمان هه‌یه له گرفت و ناكۆكی و هه‌تا شەڕ و پێكدادان له‌گه‌ڵ به‌غدا، مێژوویێکی ناخۆشمان هه‌یه له‌ناو خۆمان، كه ناكۆكیی ناوخۆیی بووه، به‌داخه‌وه گه‌یشته ئه‌م قۆناغه، به‌ڵام گرنگه زمانی لێكگه‌یشتن بدۆزرێته‌وه. ئاساییە هه‌ندێك جار سازش بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ره‌كی به‌ده‌ست بهێنیت و به‌رده‌وام بیت. گفتوگۆی به‌رده‌وام و لێكگه‌یشتنی به‌رده‌وام ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی، كه به به‌غدای بسه‌لمێنین و به ئه‌مه‌ریكای بسه‌لمێنین، كه ئێمه زیاتر بوونی خۆمان دەسه‌لمێنین".
راشی گه‌یاند: “ئێستا تا ئه‌ندازه‌یه‌ك حكوومه‌ت كاره‌كانی چووه‌ته‌وه سه‌ر سكه‌ی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی له‌گه‌ڵ عێراق باش ببێته‌وه، ئه‌مه هه‌نگاوی باشه و پێشكه‌وتنی باشه، له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا به‌پێی ده‌ستوور لێکگه‌یشتن و حاڵی‌بوون هه‌یه بۆ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له سنووری بودجه و فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه‌كان، رێككه‌وتن له‌سه‌ری کارێکی گرنگه، ئێستاش گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا خاو بوونه‌ته‌وه و له‌و خاوبوونه‌وه‌یەدا گفتوگۆی زیاتر دروست ده‌بن و قسه‌كردن و لێکگه‌یشتن و دانوساندن زیاتر دروست ده‌بێت، ئه‌مه گرنگه. ئێستا حكوومه‌تی كازمی زۆر پێویستی به كورده و كوردیش پێویستی به‌وه هه‌یه له ئاشتی و به‌رده‌وامیدا بێ، بۆیه هه‌ردوولا پێویستمان به‌یه‌كتره، ئه‌گه‌ر ئێمه ناکۆك بین له‌گه‌ڵی، ده‌توانێت گرفتمان بۆ دروست بكات، گرنگه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا توندتر ببێته‌وه، خۆشبه‌ختانه حكوومه‌تی هه‌رێم ساڵانی پێشوو بەهێز بوو، به هه‌ر هۆكارێك بێ ئه‌و گرنگییه‌ی له‌ده‌ست دا، به‌ڵام ئێستا خۆشبه‌خانه لە سەردەمی كابینەی نۆیەمدا چووه‌ته‌وه سه‌ر سكه‌ی خۆی، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی باشتر بوونه‌ته‌وه و دۆخێكی گونجاو هاتووه‌ته پێشه‌وه، كه گه‌شبینین بگه‌ڕێینه‌وه ئاستی جاران”.
باس‌نیوز
