عەرەبی شیعە لە کەرکووک (دەستەی هەماهەنگیی عەرەبی) پێک دەهێنن

عەرەبی شیعە لە کەرکووک (دەستەی هەماهەنگیی عەرەبی) پێک دەهێنن
لە بەیاننامەیەکدا چەندین حزبی سیاسی و عەشائیری عەرەبی شیعە لە کەرکووک بڵاویان کردووەتەوە کە خۆیان بە شوێنکەوتەی ئالوبەیت و شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن و پابەند بە مەرجەع دەزانن و "دەستەی هەماهەنگیی عەرەبی"یان ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆمەڵە حزبە سیاسی و عەشائیریەی عەرەب کە ئەمڕۆ شەممە 2020.9.12 لە پرێس کۆنفرانسێکدا دەستەکەیان بە فەرمی ڕاگەیاندووە، لە ڕاگەیەندراوەکەیاند ڕایان گەیاندووە ئەوان نوێنەری شەرعیی پێکهاتەی عەرەبی شیعەن لە کەرکووک و داوای ماف و پشکی پێکهاتەکەیان لە دەسەڵات و دەرفەتی کار و پلە وەزیفەکاندا دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەیاندا رەخنە لە دۆخی ئێستا و پێشووتری حوکمڕانیی لە شاری کەرکووکدا دەگرن و دەڵێن، ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ئێستا و پێشوو، کە لە کەرکووک پەیڕەو کراوە و لە سایەی ئەو هەڵبژاردنە شێوێنراوانەی تێیدا کراون، پێکهاتەکەیان سەنگ و قەبارەی خۆیان پێ نەدراوە و لە هەموو ئیمتاز و مافێک بێبەش بووە.

دەستەکە خۆیان بە نوێنەری شەرعیی پێکهاتەی عەرەبی شیعەی کەرکووک ناساندووە، سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک، بەمەبەستی دابەشکاریی دەسەڵات بەپێی دەستوور لە شارەکە داوای تەواوی مافەکانیان دەکەن.

لە راگەیاندراوەکەیاندا دەستەی هەماهەنگیی عەرەبی جەخت دەکەنەوە، لەگەڵ هەموو پرۆژەیەکی نیشتمانیدان کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لە کەرکووک بکات تا لەو تەنگژانە دەری بهێنێت کە تێیدا دەژی.












باسنيوز


Top