وەزارەتی دارایی رێنوێنیەك بۆ فەرمانبەران دەردەكات و باسی مووچە و دەرماڵەش دەكات
بە پێی ڕێنوێنیەكی وەزارەتی دارایی ، ئاماژە بە چەند رێکكارێك كراوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی بە شێوەی كاتی بۆ فەرمانگەكان دەگوازرێنەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لە كاتی گواستنەوەی فەرمانبەر لە فەرمانگەیەكەوە بۆ فەرمانگەیەكیتر بە شێوەی كاتی، فەرمانبەرەكە هەر لەسەر ئەو فەرمانگەیە هەژمار دەكرێت كە بە میلاك تێیدایە و ناخرێتە سەر ئەو فەرمانگەیەی كە بۆی گواستراوەتەوە، “لەبەر ئەوەی تەنسیبكردن حاڵەتێكی كاتییە و لە كۆتاییدا فەرمانبەرەكە دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانگە بنەڕەتییەكەی خۆی".
وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە، كە ماوەی گواستنەویە كاتی نابێت لە دوو ساڵ زیاتر بێت و جەختی كردۆتەوە: “لە هەموو حاڵەتێكدا بۆ فەرمانبەران تەنسیبەكە بۆ ماوەی یەك ساڵ دەبێت، وەزیری تایبەتمەند بۆی هەیە و دەسەڵاتی درێژكردنەوەی هەیە بۆ ساڵێكیتر، ئەویش بەم مەرجەی كە لە كاتی پێویستدا بێت".
ڕوونیش كراوەتەوە، فەرمانبەر تەنسب دەكرێت لە نێوان فەرمانگە فەرمییەكان و نابێت بۆ شوێنێك بێت كە نا فەرمی بێت.
وەزارەتی دارایی لە ڕێنوێنیەكەدا ئاماژەی داوەو ئەو فەرمانگەی لە فەرمانبەرەكە سوودمەند دەبێت، دەبێت مووچە و دەرماڵەكانی تەنسیبكراو لە ئەستۆ بگرێت، بە درێژایی ماوەی تەنسیبەكە لە رۆژی دەستبەكاربونیەوە، "واتا مووچەی و دەرماڵەی فەرمانبەرەكە لەو فەرمانگەیەی بۆی تەنسیب كراوە، خەرج دەكرێت، نەك لە فەرمانگەكەی خۆی".
پێشتر كاتێك فەرمانبەر بە شێوەی كاتی لە فەرمانگەكەیەوە بۆ فەرمانگەیەكی دیكە دەگوازرایەوە، مووچە و دەرماڵەكانی هەر لە فەرمانگە بنەڕەتییەكەی خۆی وەردەگرت، تەنیا كاركردن و دەوامەكەی بۆ فەرمانگە تازەكەی بە شێوەی كاتی دەگوازرایەوە.
لەمبارەیەوە یاسین عەبدولواحید، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی لە لێدوانێكیدا بۆ (باسنیوز)، رێنوێنیەكەی پشتڕاست كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد: “ڕێنوێنیەكە بۆ رێكخستنەوەی پرسی تەنسیبكردنی فەرمانبەرانە و لەمەودوا كار بەو ڕێنوێنیە دەكرێت، دەبێت وەزارەت و فەرمانگەكانیش جێبەجێی بكەن"
باسنيوز
