بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی عەنکاوە دەستبەکار بوو
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و چەند بەرپرسێکی دیکە، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕامی نووری سیاوەش وەک بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی عەنکاوە دەست بەکار بوو.
لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە: "د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا ڕای گەیاند ئەمڕۆ لە ڕێورەسمی دەستبەکاربوونی (ڕامی نوری سیاوش) وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی عەنکاوە، وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونیان، دەستخۆشی و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوون و کارکردنی (جەلال حەبیب عەزیز) دەکەین کە ماوەیەکی دور و درێژ لەم ناحیەیەدا و لەو شوێنەدا کە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە بۆ پاڕیزگای هەولێر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک بەڕێوەبەری ناحیە کاری کردووە".
پارێزگاری هەولێر لەبارەی گرنگی و تایبەتمەندیی ناحیەی عەنکاوەوە گوتی: "هەمیشە کە باسی عەنکاوە دەکرێت وەک ناحیەیەک باسی ناکرێت، چونکە عەنکاوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگ و تایبەتی هەیە لەڕووی ئایینی و نەتەوەیی و ڕەمزی پێکەوەژیان و یەکترقەبووڵکردنە".
د. فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەمانەوێت وەکوو پارێزگای هەولێر، تایبەتمەندییەکی تایبەت لە نێوان هەموو شوێنەکانی تری هەولێری پایتەخت بدەین بە عەنکاوە، لەسەر ئەو بنەمایەش پێمان وایە ئەرکی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی عەنکاوە ئەرکێکی تایبەت و قورس و گرنگ دەبێت، لەو بارەیەشەوە ئەوەی کە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە وەکوو پارێزگا بە هەموو توانامانەوە پشتیوان و هاوکاری دەبین و هەوڵ دەدەین هەموو ئەو گلەیی و کەموکوڕییانەی کە هەبوونە لەو ناحیە بەیەکەوە چارەسەری بکەین".
باسنيوز
