پەرلەمانتارێكی رەوتی حیكمە: گفتوگۆكانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق ئەرێنین

پەرلەمانتارێكی رەوتی حیكمە: گفتوگۆكانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق ئەرێنین


ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە ڕەوتی حیكمە ئاشكرای كرد كە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال ئەرێنین.

ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی ٩ی ٢٠٢٠، عەلی بدێری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، گفتوگۆی ئەرێنی لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەم گفتوگۆ ئەرێنییە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە هەردوو حكوومەت جددین لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

بدێری جەختی كردەوە كە حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت سەرجەم كێشەكانیان ”بەپێی دەستوور“ چارەسەر بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی كوردستان. دەشڵێت: ”ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن تا گەیشتنە چارەسەری كۆتایی، نەك چارەسەرێكی كاتی“.

دوێنێ سێشەممە ٨ی ٩ی ٢٠٢٠، شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان. هەروەها لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش كۆبوونەوە.

بە گوتەی سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكانی دوێنێدا بڕیار دراوە، لێژنەی لاوەكی و تایبەت بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان و یەكلاكردنەوەی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان پێك بهێندرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی شەممە ١٥ی ٨ی ٢٠٢٠، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا جەختیان لەوە كردەوە كە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو.

لە سەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش، لە سەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕێککەوتن و بڕیاردرا ، بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێم بکرێت.

ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردەوە.





باسنيوز
Top