توێژینەوەیەک: دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە هەولێر نزیکەی دوو هێندەی ئاستی جیهانییە
پڕۆفیسۆر حەسەن حەسونی 30 ساڵە پسپۆڕی ژینگەیە لە زانکۆی دوبەی، پێنج ساڵە لە هەولێر توێژینەوە دەکات لەسەر پاکوخاوێنیی هەوای شارەکە و هۆکارەکانی پیسبوونی. لە توێژینەوەکانی ئەو پڕۆفیسۆرە دەردەکەوێت کە هەوای هەولێر یەکێکە لە پیسترین هەوای شارەکانی جیهان، هۆکاری ئەمەش بۆ ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێل، دووکەڵی موەلیدە، کارگە و پاڵاوگەکان دەگەڕێنێتەوە.
پڕۆفیسۆری حەسەن حەسونی دەڵێت "لە توێژینەوەکەمان بۆمان دەرکەوت کە رێژەی بەرهەمهێنانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە هەولێر 8.9یە لەکاتێکدا لە جیهاندا 4.5ـە، ئەمەش نیزیکەی دوو ئەوەندەیە، عێراق هەندێک کەمترە لەو رێژەیە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە هەر تاکێک لە هەولێر دەبێت ستایلی ژیانی خۆی بگۆڕێت، چونکە وزەیەکی زیاد بەفیڕۆدەدەن".
بە سووتاندنی 70 لیتر بەنزین 140 – 180 کیلۆگرام دوانۆکسیدی کاربۆن دەچێتە هەواوە، چونکە لە یەک کاژێردا ئۆتۆمبێلێکی بەنزین 20 مەتر سێجا هەوا پیسدەکات، ئەمەش هێندەی پیسکردنی رێژەی 20 مرۆڤە لە کاژێرێکدا بەشێوەیەکی سرووشتی هەوا پیسبکەن، هەر مرۆڤێک لە کاژێرێکدا پێویستی بە 0.9 مەتر سێجا ئۆکسجینە، لە هەولێر 870 هەزار ئۆتۆمبێل هەن؛ جگە لەمەش لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵ 1856 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر روویانداوە.
یەکەی پاکوخاوێنیی هەوا بە یەکەی AQI دەپێورێت، لە یەک پلە تا 50 پلە هەواکە خاوێنە و دەشێت بۆ هەناسەدان، لە 50 تاوەکو 100 پلە مامناوەندە و گونجاوە، لە 100 بۆ 500 مەترسیدارە و ناشێت بۆ هەناسەدان، لەکاتێکدا هەموو رۆژێک هەوای هەولێر سەرووی 80 پلەیە هەندێکجار و رۆژ تاوەکو 140 پلەش دەڕوات کە زۆر مەترسیدارە، بەرانبەر بە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدی کە بە تەنیا 14 پلەیە یان شارێکی وەکو بێرمینگهامی بەریتانی کە 20 بۆ 25 پلەیە، ئەوەی هەولێر زۆرە.
دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەستەوەستان ماون بەرامبەر بە پیسیی هەوا و دووکەڵی زۆر، نەبوونی گواستنەوەی گشتیش بە هۆکاری سەرەکی دەزانن.
رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە ناتوانین هیچ بکەین لەبەرئەوەی گواستنەوەی گشتی نییە لێرە، لە هەرێم پێویستە حکومەت گرنگی بە گواستنەوەی گشتی بدات، میترۆ دابنێت، ترام دانێت، شەمەندەفەر لە بەینی شارەکان دانێت، هۆکارێکی دیکە زیادکردنی کارەبای نیشتیمانی و لادانی هەموو موەلیدەکانە لە گەڕەکەکان".
زۆربوونی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن دەبێتە هۆی گەرمتربوونی گۆی زەوی و گۆڕینی کەشوهەوا. لێکەوتەکانی ئەو دیاردەیە نزیکەی سێ ترلیۆن دۆلار زیانی ئابووریی بە جیهان دەگەیێنێت.
rudaw
