خاڵی دوو برا کوژراوەکەی چەمچەماڵ: کێشەکە دەدەینە یاسا و سکاڵا تۆماردەکەین

خاڵی دوو برا کوژراوەکەی چەمچەماڵ: کێشەکە دەدەینە یاسا و سکاڵا تۆماردەکەین
ئێوارەی رۆژی شەممە لەکاتی رووبەڕووبوونەوە سێ کەس کوژران، خاڵی دوو لە کوژراوەکان بۆ رووداو دەڵێت، ئێمە کێشەکە دەخەینە بەردەم دادگا و داوای تۆڵەسەندنەوە لە یاسا دەکەین و سکاڵای یاسایش لەدژیان تۆماردەکەین.

رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بەشداری بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و رایگەیاند، شەڕەکەش لە ئەنجامی لێکتێنەگەیشتن بووە و دواتر دەماقاڵێ هەبووە و چەکیان بەکارهێناوە و سێ کەس کوژراون.

کێشەکەی دوێنێ کاژێر 08:30 خولەک لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند روویداوە، جگە لە کوژراوەکان چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت: دۆخی تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە.

ئیبراهیم فەقێ ئەحمەد، خاڵی دوو برا کوژراوەکە یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکان لە بەرنامەی بەرپرسیار و گوتی "خوشکەزاکەی من لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بووەتە دەمەقاڵێیان و دواتر چووە بانگی براکەی کردووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. بەهۆیەوە دوو خوشکەزام کوژراون و یەکێکیشیان بریندارە. دۆخی تەندروستییان زۆر باشە."

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە خاڵی دوو برا کوژراوەکە رایگەیاند "خوشکەزاکانم پارەیان لای ئەوان بووە و ئەوانیش حسابیان بۆ نەکردووە و نەیانداوەتەوە. دواتر بەهۆیەوە ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە."

سەرەتای دروستبوونی کێشەکەش بۆ پێنج مانگ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و خاڵی دوو برا کوژراوەکە دەشڵێت: "گەڕاندنەوەی پارەش لەبری چەند ئاژەڵێک بووە. دوای کارەساتەکەش ئێمە زانیومانە کە ئەوان بەمشێوەیە کێشەیان هەبووە."

ئیبراهیم فەقێ ئەحمەد ئاماژە بەوەش دەدات، کە یەکێک لە کوژراوەکان مامۆستا بووە و ئەوەی دیکەش کاری تاکسی کردووە. هەردووکیشیان خێزاندارن و مامۆستاکە چوار منداڵی لەدوای خۆی جێهێشتووە.

بەگوتەی ئیبراهیم فەقێ ئەحمەد، قایمقام سەردانی ئەوانی کردووە و کەیسەکەش دەدەنە دادگا و سکاڵای یاساییش تۆماردەکەن. خاڵی دووبرا کوژراوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە بڕی ئەو پارەیەی کێشەکەی لەسەر روویداوە نزیکەی حەوت بۆ 10 ملیۆن دیناربووە.

رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە پێشتر ئەو دوو بنەماڵە هیچ کێشەیەکیان نەبووە و کێشەکەش کتوپڕ روویداوە و هیچ بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە.

سەبارەت بەوەی بۆچی دەبێت چەک بە کەسانێکی وا ئاسایی بێت و ئەو کارەساتەی لێبکەوێتەوە، رەمەک رەمەزان گوتی "ئێمە چەند جارێک سکاڵامان تۆمارکردووە و هەڵمەتی هۆشیارییمان راگەیاندووە لەبارەی نەمانی چەک، بەڵام ئێستا زۆر ماڵ هەیە کە چەکی هەیە، هەڵگرتنی چەکیش تەنیا لە چەمچەماڵ نییە و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان هەیە."

سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش رەمەک رەمەزان دەڵێت، ئێمە دەستی تۆمەتمان بۆ کەس درێژنەکردووە و چاوەڕوانی نووسراوی دادگایان و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت کە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ کێ دەردەکات و بڕیاریشمانداوە دادوەر چ بڕیارێک بدات ئێمە بەڵێن دەدەین کە راپێچی دادگای بکەین.


rudaw
Top