جێبەجێکردنی پڕۆژەی دووسایدی دەربەندیخان - کەلار خێراتر دەکرێت

جێبەجێکردنی پڕۆژەی دووسایدی دەربەندیخان - کەلار خێراتر دەکرێت
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە پڕۆژەی رێگای دووسایدی دەربەندیخان - کەلاری بەسەر کردەوە و رای گەیاند مژدە بە خەڵک و ھاووڵاتیانمان دەدەین کە پڕۆژەکە بە شێوەیەکی فراوان کاری تێدا دەکرێتەوە.

لە سەردانەکەیدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانی قایمقامیەتی دەربەندیخانی کرد و دواتر بە یاوەریی قایمقام و بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی و بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، پڕۆژەی رێگای دووسایدی دەربەندیخان - کەلاری بەسەر کردەوە.

دواتر لە پرێس کۆنفرانسێکدا وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رای گەیاند: "ئامانجمان لە سەردانی پڕۆژەکە، خێراترکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکەمان ئاگادار کردەوە کە بەڵێندەر ئاگادار بکەن ھەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ خێراترکردنی پڕۆژەکە، ئێمەش وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت، ھەموو توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە دابین بکەین و بەشێکی تری ھاتنمان بۆ ئێرە دڵنیاییدانە بە بەڵێندەر کە پارەیان بۆ دابین دەکرێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە".

دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمڕۆ ھاتووین مژدە بە خەڵک و ھاووڵاتیانمان لەم دەڤەرە بدەین کە پڕۆژەکە بە شێوەیەکی فراوان کاری تێدا دەکرێتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت ھەموو تواناکانی کۆمپانیا بکەوێتە کار بۆ جێبەجێکردن و تەواوکردنی پڕۆژەکە".

سەبارەت بە باشبوونی بارودۆخی داراییش، دانا عەبدولکەریم گوتی: "وەفدی ھەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا و ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەگەینە رێککەوتن و ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی ھاوسەنگیی ئابووری، ھاوکات سوورین لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئەوەی جارێکی تر ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی نەبێتەوە".











باسنيوز



Top