سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دواخرا

سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دواخرا
گوتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند چوونی ‏شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بۆ ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ‏دواخراوە.‏

سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ‏قوباد تاڵەبانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند هەرچەندە بڕیاربوو ‏ئەمڕۆ یەكشەممە 6-9-2020 شاندی هەرێمی كوردستان بچێتە ‏بەغدا، بەڵام چوونی شاندەكە بۆ ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دواخرا‌وە.

گوتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان کاتی چوونی شاندەکەی بۆ بەغدا ئاشکراکرد و گوتی: "بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندەكە بە سەرۆكایەتی قوباد ‏تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا".‏

گوتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش ‏كرد، شاندەكە لە بەغدا گفتوگۆ لەبارەی پشكی كورد دەكات لە پرۆژە ‏یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا.‏

پێشتر سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە رووداوی گوتبوو، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر داوای مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و لە سەردانەکەی واشنتن داوایکردووە شاندی کوردستان بچنەوە بەغدا بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەری کێشەکان.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەم سەردانەدا دەست بە گفتوگۆی چڕ دەکرێت، بەتایبەت کە حکومەتی عێراق خۆی بۆ بودجەی 2021 ئامادە دەکات. سەرچاوەکەی رووداو لە ئەنجوومەنی وەزیران گوتی "ئومێدێکی زۆرمان هەیە بگەینە رێککەوتن و لەسەر بابەتی نەوت کێشە نەماوەو رێککەوتووین".

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پرسی بودجە و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 لەسەر گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق وەستاوە. چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی ئایندە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی تەواو لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2021 بکرێت".

پێشتر بەغدا ‌و هەولێر لەسەر ئەوە رێككەوتن تاوەكو پەسەندكردنی پرۆژە ‏یاسای بودجەی 2021ی عێراق، بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی ‏كوردستان بنێرێت ‌و هەرێمی كوردستانیش 50% داهاتی خاڵە ‏سنوورییەكان رادەستی بەغدا بكات.‏




رووداو
Top