لە دهۆک شەش هەزار دۆلار بۆ شۆفێرێک کۆکرایەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی سووتابوو

لە دهۆک شەش هەزار دۆلار بۆ شۆفێرێک کۆکرایەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی سووتابوو
لە گەڕەکی بەروشکێی سەنتەری شاری دهۆک، ئۆتۆمبێلێکی تاکسی ئاگری گرت و بەشێکی سووتا، هەر لە شوێنی رووداوەکە چەند گەنجێک دەستیان بە کۆکردنەوەی کۆمەک کرد بۆی و شەش هەزار دۆلاریان بۆ شۆفێرەکەی کۆکردەوە.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە کاژێر 06:00ـی ئێوارەی شەممە بووە، گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەش بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەمە یەکەمجار نییە هاوکاریی ماددی بۆ ئەو کەسانە کۆدەکرێتەوە کە ئۆتۆمبێلەکەیان زیانی پێدەگات یان دەسووتێت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتی، چەند جارێکی دیکە هاوکاریی ماددی بۆ کەسانی زیانلێکەوتوو کۆکراوەتەوە، "بەڵام ئەمە یەکەمجارە ئەو بڕە پارەیە کۆبکرێتەوە".

ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل ئاگریان تێبەربووە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.



رووداو
Top