نوێنه‌ری حكوومەتی هه‌رێم له ‌فه‌ره‌نسا: ساڵی داهاتوو ماكرۆن سه‌ردانی هەرێمی كوردستان ده‌كات

نوێنه‌ری حكوومەتی هه‌رێم له ‌فه‌ره‌نسا: ساڵی داهاتوو ماكرۆن سه‌ردانی هەرێمی كوردستان ده‌كات
نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا وادەی سەردانیكردنی سەركۆماری فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد.
عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا راگەیاند، فەڕەنسا باش ده‌زانێت به‌بێ كوردستان، سه‌قامیگری له‌ ناوچه‌كه‌ جێگیر نابێت، ”ئه‌مه‌ به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌، هەر بۆیە سه‌رۆكی فەڕەنسا داوای بینینی شاندی هەرێمی كوردستانی لە بەغدا كرد“.
ڕوونیشی كردەوە كە سەردانەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا پێشتر لە بەرنامەدا نەبووە، بەڵام ”لەبەر گرنگیی كاتەكە پاش چوونی بۆ لوبنان، سەردانی عێراقی كرد.
نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ئاشكرای كرد كە سەركۆماری فەڕەنسا، ”ساڵی داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات“، لە كاتێكدا لەم چەند ساڵەی كە ماكرۆن سەركۆماری فەڕەنسایە، سێ جار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەكتریان بینیوە.
گوتیشی: ”مانگێك لەمەوبەر، دوو وه‌زیری گه‌وره‌ی فەڕەنسا له ‌كوردستان بوون، له ‌بواری فه‌رهه‌نگ و كلتووریش په‌یوه‌ندیی نێوانمان به‌هێز ده‌بێت، له‌ چوارچێوه‌ی رۆڵی سه‌رۆك بارزانی و دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرسی رۆژئاوای كوردستان و كۆبوونەوەكانی لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی ئەمریكا، فەڕەنسا رۆڵی له ‌یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد بینیوە، دەشزانێت به‌بێ كوردستان و سه‌رۆك بارزانی، ئه‌و ئاشته‌واییه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ئاسته‌مه‌، تاكه‌ رێگاش هه‌رێمی كوردستانه‌“‌.
دووپاتیشی كردەوە كە پەیوەندییەكی بەهێز و مێژوویی لە نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسادا هەیە، پێشتریش لە چەندان كاتی هەستیاردا فەڕەنسا پشتیوانی لە پرسی كورد و لە گەلی كوردستان كردووە.







باسنیوز
Top