ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە شەش مەتر كەمی كردووە
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، لەمبارەوە رایگەیاند: "بە بەراوردی ساڵی پار تا ئەمكاتە 6 مەتر و نیو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دابەزیوە."
گوتیشی:" لە ناوڕاستی مانگی رابردوەوە، واتا لە 15ی ئابی ئەمساڵەوە ئێران لە بەنداوی داریانەوە پێشی بە ئاوی ڕووباری سیروان گرتووە و گواستۆتەوە بۆ نێو وڵاتەكەی، ئەوەش كاریگەریی زۆری هەبووە لە كەمكردنەوەی ئاوی دەربەندیخان لە سەرچاوەكانەوە."
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، راشی گەیاند: "ئەوەی وڵاتی دراوسێ ئەنجامی دەدا، كارێكە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە."
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئێران لە چەند شوێنێکەوە و بەتایبەت لە سنووری قەڵادزێ و لەسەر زێی بچووک، هەروەها ئاوی ڕووباری سیروان لە سنووری دەربەندیخان و لە سنووری خانەقینیش ئاوی ڕووباری ئەڵوەندی گرتووەتەوە و ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، هەم لەسەر ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان و هەم بۆ کەرتی کشتوکاڵی هەبووە.
باسنیوز
