لە کرماشان کچێکی گەنج بە دەستی براکەی کوژرا

لە کرماشان کچێکی گەنج بە دەستی براکەی کوژرا
بەپێی زانیاریی پۆلیسی پارێزگای کرماشان، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەرپێڵ‌زەهاو، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ، لەلایەن براکەیەوە بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.

لەمبارەوە محەمەدڕەزا ئاموویی، جێگری کۆمەڵایەتیی پۆلیسی پارێزگای کرماشان ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.9.3 بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە ئەو ڕووداوە لە یەکێک لە گوندەکانی سەرپێڵ‌زەهاو ڕووی داوە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە براکەی کە تەمەنی ٣٣ ساڵە سەرقاڵی پاککردنەوەی چەکی ڕاو، بووە و گوللەی لەدەست دەرچووە و خوشکەکەی کوژراوە".

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە کەسی تۆمەتبار قسەی دژ بە یەکی گوتووە و سەرەنجام دانی بەوەدا ناوە کە لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی خوشکەکەی ئەنقەست کوشتووە".

چوونە سەری ئاماری کوژرانی کچان و ژنان لە ئێران لەژێر ناوی "پاراستنی شەرەف و نامووس" لە کاتێکدایە کەلە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١٠ حاڵەتی کوشتنی کچان و ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران تۆمار کراوە.

بەڕای کارناسانی کۆمەڵایەتی و پارێزەرە سەربەخۆکان، بەهۆی نەبوونی ناوەدنێکی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و کۆمەڵایەتی لە ئێران و دەستپێڕانەگەیشتنی چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە سەرچاوەکانی ئامار، هەتا ئێستا ئامار و داتایەکی دروست و جێگەی باوەڕ لەبارەی ژمارەی کوژرانی ژنان و کچان و هۆکارەکانی لە ئێران لەبەردەستدا نییە.











باسنيوز


Top