عارف ڕوشدی: ماكرۆن حیسابی بۆ ئەوانە نەكرد كە دەیانویست پێگەی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە

عارف ڕوشدی: ماكرۆن حیسابی بۆ ئەوانە نەكرد كە دەیانویست پێگەی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە


ڕاوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، سەرۆكی فەڕەنسا حیسابی بۆ ئەوانە نەكرد كە دەیانویست پێگەی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە.

لە كاتی سەردانەكەی ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، گرووپێكی سیاسیی نێوخۆی هەرێمی كوردستان هەوڵیان دا كۆبوونەوەكان بە سیاسی بكەن و پێگەی دەستووریی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە كەم نیشان بدەن و كۆبوونەوە گرنگەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كەمبایەخ نیشان بدەن.

لەمبارەیەوە عارف روشدی، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی راگەیاند، گەلی كوردستان یەكێكە لە پێكهێنەرە سەرەكییەكانی عێراق و بەهۆی گەلی كوردستانەوە هاوسەنگی لە عێراق ڕادەگیرێت، بۆیە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش قورسایی خۆیان هەیە و ئەمەش لە پێشوازیكردنی سەرۆكی فەڕەنسا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو كاتەی بۆ دیداری شاندەكەی تەرخان كرد، دەردەكەوێت.

ڕوونیشی كردەوە كە لەنێوخۆدا دەنگێك لە دژی هەرێمی كوردستان وەستاوەتەوە و كاریش بۆ پڕۆژەكەی دەكات، “ئەمانە كه‌سانێكن من ناویان ده‌نێم كوردزمان، بەڵام له ‌هه‌ست و نه‌ستی كوردانه‌ داشۆراون، په‌یوه‌ندییان به ‌گه‌لی كوردستان و خەڵكی كوردستانەوە نه‌ماوه‌، ئەوانە به ‌شێوه‌یه‌كی چه‌واشه‌كارانه‌ دژی شاندی هەرێمی كوردستان كاریان دەكرد و دەیانویست وانیشان بدەن كە شاندێكی حزبی لە بەغدایە، نەك شاندی دامەزراوەی دەستووریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان”.

عارف ڕوشدی جەختی كردەوە كە “ئەو كوردزمانانە” زۆریان پێناخۆشە هەرێمی كوردستان و قەوارە و دامەزراوە دەستوورییەكانی لە لوبتكەدا ببینن، بەڵام “ئەو دەنگانە لە پاشەكشەدان و دەنگێكی شەرمنن، تەنانەت ئاغاكانیشیان كاتێك كاریان پێیان نامێنێت، پشتگوێیان دەخەن، بینیشمان ماكرۆن هیچ حیسابێكی بۆ نەكردن”.

باسیشی لەوە كرد كە “ئەو كوردزمانانە” خاوەنی ژمارەیەكی زۆری میدیای سێبەر و چەواشەكار و پەیج و گرووپی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەرلەمانتاری عێراقچین، لەم ڕێیەوە هەوڵدەدەن ڕای گشتی بە هەڵەدا ببەن، “ئەوانە نەخۆشییەكەیان بۆماوەییە”.









باسنيوز
Top