چاپکراوی نوێ.. (ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان)
گوڵان: بەھادین جەلال
(ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان) کتێبێکی تازە چاپکراوی نووسەرو شاعیر(عەبدولڕەحمان فەرھادی)یە، ئەم بەرھەمە بریتییە لە چەندین چیرۆک و تەنزە چیرۆکی یادەوەری، شاعیری ناوداری کورد مامۆستا غەریب پشدەری پێشەکیی بۆ نووسیوە، لە باسکردنی ئەم کتێبەدا دەڵێت: بەنێو کەلێن و پێچ و پەناو ھەورازو نشێو و ھەڵەتی ناوەرۆک و بابەت و مانا و مەبەستەکانی کەوتم، بۆم ڕوون بووەوە کە ئەو جۆرە شێوازو نووسینە و ئەو ناوونیشان و بابەتانە ناچنە ناو جوغزی ھیچ جۆرە ناوێک، ئاخر نە شیعرەو نەچیرۆک، نە نۆڤلێتەو نە ڕۆمان، نە پەخشانی ھونەری، پشدەری بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەم بەرھەمە نە تەنزەو نە ساتیر و نە جەڤەنگەو نە گاڵتە و گەپ و قەشمەری، بەڵام کە تێی دەڕوانی ئاوێنەیەکی باڵا نمای ھێندەی بەژنە پیاوێک بڵندەو ھەرچی عەیب و عارو خوارو خێچی و لینگە و قوچی مرۆڤە ناقۆلایە خۆ بە زلزان و داناو زاناکانی ڕیزی پێشەوەی زۆر جێی نەشیاون..
(ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان)ی فەرھادی (٣٣) چیرۆک و تەنزە چیرۆکی یادەوەری لە خۆدەگرێت، بە بەرگێگی قەشەنگ چاپکراوە، ھەر یەک لە عەلی مەندەلاوی ئەرکی پۆرتریتی بەرگ و باسم ڕەسام دیزاینی بەرگ و عوسمان پیرداود دیزاینی ناوەوەیان لە ئەستۆ گرتووە. فەرھادی خۆیشی پیتەکانی چنیوەو ھێڤی عەبدولرەحمان فەرھادییش ھەڵەکانی گرتووە..
دانەیەکی ئەم کتێبە گەیشتۆتە (گوڵان) .. دەستخۆشی لە شاعیرو نووسەر(عەبدولڕەحمان فەرھادی)دەکەین بۆ بەچاپ گەیاندنی ئەم بەرھەمە کە کەلێنێکی لە کتێبخانەی کوردی پڕکردۆتەوە.. بەھیوای سەرکەوتن و بەرھەم و داھێنانی زیاتر..
