گەنجێکی چەمچەماڵ لە ئەڵمانیا دەکوژرێت و داواکاری گشتی بە 'تاوانێکی زۆر قێزەون' ناویدەبات

گەنجێکی چەمچەماڵ لە ئەڵمانیا دەکوژرێت و داواکاری گشتی بە 'تاوانێکی زۆر قێزەون' ناویدەبات
26ی مانگی ئابی رابردوو شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، کاژێر 11:23 خولەکی شەو رێبوار کەریم خەسرەوی تەمەن 37 ساڵ لەڕێگەی چوونەوە بۆ ماڵ و دووریی 100 مەتر لە ماڵەکەی دەکوژرێت. رێبوار لە شاری دۆرتمۆند کەسی نییە، تەنیا ئامۆزایەکی هەیە کە لە شاری هامبۆرگە.

سالار یوسف خەسرەو دەڵێت "رێبوار ئامۆزامە و خەڵکی چەمچەماڵە، زوو زوو تەلەفۆنی بۆ دەکردم، رۆژ نا رۆژێک.. کە قسەمان دەکرد هەستم بەوە نەکردووە هیچ کێشەیەکی هەبێت، هیچی بە من نەگوت، نازانم مەسەلەکە چییە! رۆژی هەینی زانیم، هاتووم بزانم چی روویداوە و بۆچی ئەمە روویداوە؟ پۆلیس هیچ زانیارییەکی بە من نەداوە. ئەوان هیچ ناڵێن تاوەکو لێکۆڵینەوە تەواونەبێت".

رێبوار ماوەی 11 ساڵە لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا دەژی، نزیکەی سێ ساڵ و نیوە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و خاوەنی کوڕێکی چوار ساڵانە؛ منداڵەکەی لای هاوژینەکەی دەژیا و هەفتەی یەک جار بینیویەتی.

هاوڕێ ئیبراهیم دەڵێت "ماوەی 10-11 ساڵە کاک رێبواری رەحمەتی دەناسم، کاتێک ئەوەم بیست، باوەڕم نەکرد، چونکە ئەوەندە کوڕێکی فەقیر بوو، هەمیشە لێو بە خەندە، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە. زیانی بۆ کەس نەبوو. ئێستاش باوەڕناکەم، ئەگەر کێشەی هەبووبێت دەبێت بەو شێوازە بکوژرێت لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا؟ ئەمە هەمووی جێگەی پرسیارە".

کوژرانی رێبوار بەو شێوەیە پرسیاری زۆری لای پۆلیس و لای هاوڕێ و خزم و کەسوکاری دروستکردووە، تاوەکو ئێستاش هیچ سەرەداوێک دەست پۆلیس نەکەوتووە.

یەکێک لە دراوسێکانی کە ماڵەکەی بەرامبەر شوێنی رووداوەکەیە بە رووداوی گوت، کاژێر 11:23 خولەکی ئەو شەوە گوێی لە هاوارێک بووە، بەپەلە هاتووەتە بالکۆنەکەی و هاواری کردووە "تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەم؟ پێویستت بە هاوکارییە؟" بەڵام کەس وەڵامی نەداوەتەوە، کاتێک لەگەڵ دراوسێکانی دیکە دەچنەخوارەوە، دەبینن رێبوار بە چەقۆ لێیدراوە و هەموو لەشی لە خوێندایە، هەر ئەوکاتەش گیانی لەدەستداوە.

کاژێر 11:00ی ئەو شەوە رێبوار بۆ دواینجار لە دووکانێک بینراوە، خاوەنی دووکانەکە کە ناوی یوسفە و نزیکەی 11 ساڵە رێبوار دەناسێت، دەڵێت "هات سەری لە من دا و هەندێک شتی بۆ خۆی کڕی و چووەوە ماڵ، پاش 20-30 خولەک پۆلیس هات و پرسییان کە ئایا دەتوانن سەیری ڤیدیۆی کامێرەکان بکەن؟ گوتم فەرموو. گوتیان، کێ دوایین جار شتی لەلا کڕیویت، منیش گوتم کوردێک و ئەڵمانییەک".

یوسف هەموو ئەرکێکی ناردنەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان لەئەستۆگرتووە؛ کەیسەکەشی ئێستا لەلای داواکاری گشتیی شاری دۆرتمۆندە.

هێنری کروز، داواکاری گشتی دەڵێت "ئێمە تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکمان نییە و بە هەموو توانامان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکەین لە هەموو لایەکەوە. لاشەکەی شیکردنەوەی بۆ کراوە، دەرکەتووە کە بووەتە قوربانیی تاوانێکی زۆر قێزەون، لاشەکەی ئامادەیە بۆ گەڕانەوە. لیژنەیەکی کۆمیسیۆنی پۆلیس کە لە چەند کەسێک پێکهاتووە، تایبەت بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو کەیسە پێکهێنراوە. ئەوان لەکاتی رووداوەکەوە تاوەکو ئێستا شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانبار، بەڵام چونکە شایەتحاڵمان نییە زۆر کارەکە قورستر بووە، لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی دەکەین، بەڵام ئەوەی دەرکەوتووە ئەوەیە کە پەیوەندیی زۆر کەمی لەگەڵ خەڵک هەبووە.. بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە".

بڕیارە تەرمەکەی رێبوار بگەڕێندرێتەوە کوردستان و لە شارەکەی لە چەمچەماڵ بەخاکبسپێردرێت


rudaw
Top