لە چوار کاژێردا لە هەولێر دەست بەسەر 150 تۆن سەوزە و میوەی قەدەخەکراو دەگیرێت
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند "لە گەڕانەکەمان تێبینیمانکرد کە خاس، کەلەرم، خۆخ و قەڕنابیت بەروبوومی قەدەخەکراون و لە عەولوەش کڕینی فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، سزای هەموو ئەو کەسانە دەدەین کە بەروبوومی قەدەخەکراو دەهێنن".
لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت لە چەند کاژێری گەڕان و بەدواداچوونەکانیاندا دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 تۆن سەوزە و میوەدا گرت.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت "پێویستیی سلێمانی 41 هەزار تۆن سەوزە و میوەیە رۆژانە، ئەوەی دیکە دەچێتە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بۆیە هەندێک بەروبوومی قەدەخەکراو هەبووە دەستمان بەسەردا گرتوون".
بەپێی لیستێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، 18 جۆر بەروبوومی سەوزە و میوە هاوردەکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە، بەڵام زیاتر لە 8 جۆر بەروبوومی کشتوکاڵی کە ناویان لە لیستی قەدەخەکراوەکاندا هاتووە، لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت.
جیهاد ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک باسی لەوە کرد "بەروبوومی قەدەخەکراو، بڵێین و نەڵێین لە بازاڕەکانی سەوزە و میوە هەن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، لیژنەکانی ئێمە لە هەرکوێیەک ئەو بەروبوومە قەدەخەکراوانە ببینن، دەستیان بەسەردا دەگرن".
زۆربەی بەروبوومە کشتوکاڵییە قەدەخەکراوەکان لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، خاوەن نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە دەڵێن بەروبوومە قەدەخەکراوەکان بە 4 بۆ 5 هەزار دۆلار بەڕێگەی قاچاخ هاوردە دەکرێن.
رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بە 4بۆ 5 هەزار دۆلار بەروبوومی قەدەخەکراو هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەشڵێت "بەروبوومە قەدەخەکراوەکانیش هەمووی لە سنووری باشماخەوە داخڵ دەبن".
تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ قەدەخەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و پاراستنی بەروبوومی ناوخۆی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت و بە قاچاخ بەروبوومی کشتوکاڵی هاوردە دەکرێت.
rudaw
