فرسەت سۆفی گەنجێک دەکاتە کوڕی خۆی و بەڵێنی داوە ژنیشی بۆ بێنێت

فرسەت سۆفی گەنجێک دەکاتە کوڕی خۆی و بەڵێنی داوە ژنیشی بۆ بێنێت
رەشە تاقانە، کوڕە نوێیەکەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دەستی بە ژیانێکی نوێ کرد؛ ئێستا کەسێک هەیە رەشەی بێ باوک پێی بڵێت "باوکە" و لە بەرامبەردا پێی بگوترێت "کوڕەکەم".

رەشە خەڵکی بەردەڕەشە، پێشتر لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر دەژیا، پێش سێ مانگ کە تەمەنی بوو بە 18 ساڵ، خانەکەی جێهێشت، بەڵام کاری دەستناکەوێت و دەکەوێتە سەر شەقامەکان، شەوێک بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر دەچێتە بەردەم ماڵی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، رۆژێک دواتر پارێزگار رەشە دەبینێت و گوێ لە چیرۆکی ژیانی دەگرێت، دواتر پارێزگاری هەولێر بەڵێن بە رەشە دەدات کە وەکو کوڕی خۆی سەرپەرشتیی بکات، بە مەرجێک کەسێکی باش بێت و هەڵە نەکات.

رەشە تاقانە دەڵێت "قسەم لەگەڵیان کرد، هەندێک مەرج هەبوو جێبەجێم کردن، ئیدی لێرە دامەزرام، گوتی وەکو باوکێک سەرپەرشتیت دەکەم، بەڵام نابێت لەگەڵ کەسی خراپ بگەڕێیت و دەبێت رێکوپێک بیت".

پارێزگاری هەولێر رەشە وەکو فەرمانبەرێکی گرێبەست لای خۆی دادەمەزرێنێت و شوێنی حەوانەوەی بۆ دابیندەکات، بەڵێنیشی پێدەدات ژنی بۆ بهێنێت.

رەشە تاقانە لەبارەی دەوامەکەیەوە دەڵێت، دەوامەکەی لە کاژێر 08:00 بۆ 01:00ی پاشنیوەڕۆیە و "کاری خەڵک جێبەجێدەکەین، هاوکارییان دەکەم بۆ گەیاندنی داواکاری و نووسراوەکانیان".

فەرمانبەرە نوێیەکەی پارێزگاری هەولێر کە تاوەکو پۆلی حەوتی بنەڕەتیی خوێندووە، دوو مانگ لەسەر شەقام و نێو پارکەکان خەوتووە.

چیرۆکی ژیانی رەشە تاقانە ئەوکاتە دەستپێدەکات کە باوکی لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریکردووە، لە ساڵی 2004 لە موسڵ دەکوژرێت، دوای ئەوە دایکی هاوسەرگیری دەکاتەوە و منداڵە دوو ساڵانەکەی دەبرێتە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر، ئەو 16 ساڵ لەوێ ژیاوە، دیمەنەکان هەمیشە لە یادەوەریی ئەو گەنجە دەمێننەوە کە بێبەش بووە لە سۆزی دایک و باوکی.

بەگوێرەی یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراقی، منداڵ و نەوجەوانانی خانەکانی بێسەرپەرشتان دەتوانن تاوەکو تەمەنی 19 ساڵی بمێننەوە، دوای ئەوە دەبێت هاوکاری بکرێن بۆ دۆزینەوەی کار و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگە، بەڵام هێشتا نموونەکانی وەکو رەشە تووشی کێشە دەبنەوە.

زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، منداڵ هەیە لە خانەکانی بێسەرپەرشتان تەمەنی دەگاتە 18 ساڵ و کەسوکاری دەیبەنەوە، هەیە لە خوێندن بەردەوامە و دوای خوێندن لە خانەکان وەکو خۆبەخش دەمێنێتەوە بۆ چاودێری و پاراستنی منداڵە بچووکەکان، هەیشە دەچێتە دەرەوە بۆ کارکردن، "بەڵام ئەوەی زۆر جەختی لێدەکەینەوە، ئەوەیە کە ناکرێت گەنجێکی تەمەن 18-19 ساڵی لە دەرەوەی خانەکان بێت و هیچ پاڵپشتییەک نەکرێت".

ئێستا لە هەر چوار خانەکەی بێسەرپەرشتان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان، زیاتر لە 170 منداڵ و نەوجەوان دەژین.



rudaw
Top