نەتەنیاهوو تەلەفۆن بۆ شاندە ئیسرائیلییەکە دەکات: زۆر بە پەرۆش بووم ئەم رۆژە ببینم

نەتەنیاهوو تەلەفۆن بۆ شاندە ئیسرائیلییەکە دەکات: زۆر بە پەرۆش بووم ئەم رۆژە ببینم
یەکەم گەشتی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ ئیمارات ئەنجامدرا، لەکاتی گەشتەکەشدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تەلەفۆن بۆ شاندەکە دەکات کە هێشتا لە ئاسمانن و و پێیان دەڵێت، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە".

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە نەتەنیاهوو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، تێیدا قسە لەگەڵ شاندە ئسیرائیلییەکە دەکات، کە لە یەکەم گەشتی فڕۆکەی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتدا گەیشتنە ئەبوزەبی.

نەتەنیاهوو لەکاتی قسەکردندا لەگەڵ شاندەکە دەڵێت، "ئێمە یەکەم گەشتمان بە ئاسمانی سعودیەدا ئەنجام دا.. من زۆر بە پەرۆش بووم ئەم رۆژە ببینم، چونکە چەندین ساڵە کار بۆ ئەم پرۆسەیە دەکەین".

نەتەنیاهوو چەند وشەیەک بە عەرەبی دەڵێت، ئاماژە بەوەشدەکات، شاندەکە سڵاوی بگەیێنن بە "دۆستە عەرەبییەکانی ئەبو زەبی".

بەرهەمی ئەو گەشتە، بە گوتەی ناتەنیاهوو، بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکەیە.

فڕۆکە ئیسرائیلییەکە لە گەشتەکەیدا بەسەر ئاسمانی سعودییەدا فڕیوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە توویتێکدا لەبارەی گەشتەکەوە نووسیویەتی "راگەیاندنی ئاشتی ئاوایە".

جارید کوشنەر لە لێدوانێکدا لە فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی رایگەیاند، ئەو ئاشتییەی کە سەرکردەکانی ئیسرائیل و ئیماراتی کۆکردووەتەوە، خواست و ئارەزووی گەلانی ئەو دوو وڵاتەشە.

راوێژکارە باڵاکەی سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سعودیەشی کرد کە رێگەیداوە بە یەکەمین گەشتی فەرمیی فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئەو وڵاتەدا لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئەبوزەبی.

گەشتی فڕۆکە ئیسرائیلییەکە سێ کاژێر و 13 خولەکی خایاندووە، فڕۆکەکە وشەی "ئاشتی"ی بە زمانەکانی عیبری، عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر نووسرابوو.
Top