هاتووچۆی هەولێر سزای دواکەوتنی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی درێژکردەوە
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی و قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتینەوە، بڕیاریدابوو سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی تۆمارنەکراون و ماوەی تۆمارکردنیان بەسەرچووە، تاوەکو رۆژی 1ی ئەیلوولی 2020 لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر گوتیشی، درێژکردنەوەکە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و ئاسانکارییە بۆ شوفێرانە، "بڕیارماندا کاتەکە تاوەکو رۆژی 20ی ئەیلوولی 2020 درێژبکەینەوە، داوایان لێدەکەین لە ماوەی ئەو 20 رۆژەدا سەردانی بەشەکانی هاتووچۆ بکەن و مامەڵەکانیان تەواوبکەن بۆئەوەی تووشی پێبژاردن نەبنەوە، چونکە ئەمە دوایین ماوەی درێژکردنەوەیە و دواتر رووبەڕووی سزا و پێبژاردن دەبنەوە".
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کارەکان لە زۆربەی دامودەزگا حکومییەکان راوەستابوون، بەوهۆیەشەوە هاونیشتمانیان نەیاندەتوانی کارەکانیان راییبکەن، لەنێویاندا هاتووچۆی پارێزگاکان.
rudaw
