شەش بەڕێوەبەری گشتی لە دهۆک دەگۆڕدرێن؛ رووداو ناوەکانیان ئاشکرا دەکات
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک سبەی سێشەممە بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ هەر بەڕێوەبەرێک یەک بەربژێر هەیە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەن.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شەش پۆستە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن و ئەو ناوانەی بڕیارە دەنگیان لەسەر بدرێت گەیشتوونەتە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک.
ئەو شەش بەڕێوەبەرایەتییەی بەڕێوەبەرەکانیان دەگۆڕدرێت بریتین لە:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و لاوان
زۆربەی بەڕێوەبەرەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە زیاتر لە چوار ساڵە لە پۆستەکانیاندان، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک بەردەوام دەبن، "دەبوو لە پێشتر ئەو گۆڕانکارییانە بکرابان، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە دواکەوتوون".
دەربارەی شێوازی دانانی ئەو بەڕێوەبەرانە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرۆسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناوەکان پێشتر یەکلایی کرابوونەوە. "بەپێی قەزاکان دانراون و هەر قەزایەک پۆستێکی پێدراوە، بۆ ئەوەش لەلایەن بەرپرسی لقەکانەوە پێشنیازکراون". لەنێو ئەو شەش پۆستەشدا، پۆستێک دراوە بە کوردانی ئیزدی کە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزارە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە بەڕێوەبەرە نوێکان بەمشێوەیە دەبن:
- محەممەد ئەمین بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ لە شوێنى د. لەزگین حەجى
- ئەمیر عەلی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و لاوان لە شوێنی ئەیوب رەمەزان
- د. ئەفراسیاب یونس بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە شوێنی د. نزار عیسمەت
- د. خەیری ئوسێ بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار لە شوێنی عوبەیدوڵڵا داود
- شاکر رێکانی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبا لە شوێنی خالید ساڵح
- محەممەد خالید بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە شوێنی د. سەمیان عەبدولخالق
هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک گۆڕانکاریی لە پۆستی جێگری پارێزگاری دهۆکیش کرا و ناوی سێ کەسی کریستیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ پەسندکردنی ناوێکیان.
RUDAW
