بیری ئاوی قەتاری ئیمام عەلی لە کەربەلا بووەتە مەزارگەی شیعەکان

بیری ئاوی قەتاری ئیمام عەلی لە کەربەلا بووەتە مەزارگەی شیعەکان
قەتاری ئیمام عەلی کە بە بیرە ئاوێک دەگوترێت، یەکێکە لە مەزارگەکانی شیعە مەزھەبەکان؛ لای شیعە مەزھەبەکان چیرۆکی ئەم بیرە یەکێکە لە موعجیزەکانی ئیمام عەلی، كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 35ی کۆچی دەگەڕێتەوە، کە دەکاتە ساڵی 655ی زاینی.

ناسر کەچمە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی قەتاری ئیمام عەلی دەڵێت "ئێرە رێگەی سەرەکی بوو بۆ گەیشتن بە سووریا، کە گەیشتنە ئێرە ئاویان لەبەر بڕا و سوپاکەی ئیمام عەلی زۆر ھیلاک بوون، ئیمام عەلی گوتی خەمتان نەبێت، خودا لێرە ئاوێکمان بۆ دەردەکات پاکتر لە یاقووت، شیرینتر لە ھەنگوین و ساردتر لە بەفر، ئەوانەی لەگەڵی بوون سەریان سوڕما لەم بیابانە چۆن ئەو ئاوە دەستدەکەوێت، دواتر ئەمیری بڕواداران گوتی بە سەربازەکانی، ئێرە ھەڵکۆڵن ئاوی لێیە".

نەک تەنها عێراقییەکان، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەشەوە شیعە مەزھەبەکان سەردانی بیرەکە دەکەن؛ بەپێی قسەی سەرپەرشتیارانی ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک زیارەتکار سەردانی دەکەن.

ئەوانەی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن، لەپاڵ ئەوەشدا پاڕانەوە بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەکانیان دەکەن.

سەید قاسم موسەوی کە زیارەتکارە دەڵێت "بۆ نموونە کەسێک منداڵی نییە، دێتە ئەم شوێنە پیرۆزە و لەم ئاوە دەخواتەوە و دوای چوار پێنج مانگ دێتەوە ئێرە خودا منداڵی پێداوە بە بەرەکەتی عەلیی کوڕی ئەبوتالیب".

دایکی عەممار بۆ چارەسەرکردن ئاوەکە دەباتەوە و دەڵێت "نەخۆشمان ھەیە لە ماڵ، ئێرە شوێنێکی رووحانییە، لێرە ئارام دەبمەوە".

قەتاری ئیمام عەلی دەکەوێتە بیابانەکانی رۆژئاوای پارێزگای کەربەلا بە دووریی 28 کیلۆمەتر و دوو کیلۆمەتر لە دەریاچەی رەزازەوە دوورە



rudaw
Top