پەرلەمانتارێک: تا یاسای بودجە دەردەکرێت ناردنی 320 ملیار دینارەکە بەردەوام دەبێت
ئارام باڵەتەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "تاوەکوو یاسای بودجەی 2021 دەردەکرێت، بەپێی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت، ئەو ڕێککەوتنەشی کراوە، تایبەتە بە یەکخستنی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبردنی ھاوبەش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا".
ئاماژەی بەوەش دا، ھەموو ھەوڵێک بۆ ئەوە دەدرێت لە بودجەی 2021 ڕێککەوتنێکی باش بکرێت، گوتیشی: "دەبێت پشکی ھەرێمی کوردستان لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا جێگای بۆ بکرێتەوە، باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و بەشداریکردنی کورد لە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی، کارێکی باشە و دڵخۆشکەرە".
ئەندام پەرلەمانەکەی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵ ئەو پڕۆژەیاسایەی بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق و گفتوگۆ و دانیشتنی لەسەر بکرێت، دەشڵێت: "ئێمەی نوێنەرانی کوردیش لە ھەوڵی ئەوەداین پشکی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو ساڵەدا زامن بکەین".
ئارام باڵەتەیی داوا دەکات بەغدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەولێر ئاسایی بکاتەوە، ئەوەشی خستە ڕوو: "عێراق جگە لەوەی چەندین گرفت و کێشەی ئاڵۆز و گەورەی سیاسی ھەیە، چەندین کێشەی دارایی و ئابووریشی ھەیە، بۆیە زۆر پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئاسایی بکاتەوە و کار بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان بکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ھەنگاوی گەورە و باشی ناوە، جۆرێک لە متمانە و لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوو حکوومەت دروست بووە".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق پێی وایە: "زۆر لەو گرفت و کێشانەی پێشوو ھەبوون، یان بە دەستی ئەنقەست دروست کراوە بۆ ئەوەی حکوومەتی ناوەندی و ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەناو گرفت و کێشەدا بن، ئێستا ڕووی لە چارەسەرکردن کردووە، ئەوەتا ھەماھەنگیی ئەمنی و سووپا و وزە و کارەبا و دەروازە سنوورییەکان ھەمووی ھەیە و ڕۆژ لە دوای رۆژ دۆخەکە باشتر دەبێت".
ئارام باڵەتەیی باس لەوەش دەکات، کورد و دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە جگە لە داواکارییەکانی ناو دەستوور و ماف و شایستە داراییەکانی گەلی کوردستان داوای شتێکی دیکە نەکەن، گوتیشی: "ئێستا ئومێد زۆرە و لێکتێگەیشتنی باش ھەیە، لە داھاتوودا ھەردوو لا دەتوانن لەڕووی ئابووری و پەیوەندیی ستراتیژی و بەھێز دروست بکەن، کە ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نەتوانێت لەناو ئاوی لێڵدا مەلە بکات و گەلانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش لەم مەینەتی و پەتای کۆرۆنا و قەیرانی داراییەدا دەربازیان بێت".
باسنیوز
