چەند پێشنیازێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ حکومەت
ئەمڕۆ شەممە 29-08-2020، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محەممەد قادر، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزارەت و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکان بەشێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیێنێت، بە رەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، كە بریتین لە:
یەکەم: خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە 1-09 دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە 30-06 کۆتای پێبێت.
دووەم: لە نێوان 20-09 تاوەکو 04-10 پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دوو رێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى 2020-2021 دەستنیشان بکەن.
سێیەم: سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى 2020-2021 بریتییە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning).
چوارەم: خوێندنى وانە پراکتیکییەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتاى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لەناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.
پێنجەم: ماوەى نێوان 01-09 تاوەکو 04-10 ئەو ماوەیە بۆ راهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود رێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبووکردنەوەى وانە فەوتاوەکان.
شەشەم: هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە 15 هەفتە کەمتربێت.
حەوتەم: بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2020-2021) لەنێوان زانکۆکانى هەرێمی کوردستان سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت.
هەشتەم: بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ راسپاردەى دەکات.
نۆیەم: لە 11-10-2020 پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەدات، کۆى ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان
rudaw
