ماکرۆن: هێڵی سوورم بۆ تورکیا داناوە سەبارەت بە دەریای ناوەڕاست

ماکرۆن: هێڵی سوورم بۆ تورکیا داناوە سەبارەت بە دەریای ناوەڕاست
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی ئەم هاوینەدا هەڵوێستی تووندی لە دژی هەنگاوەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا نواندووە و هێڵی سووری بۆ داناون، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەنقەرە رێز لە کردار دەگرێت نەک قسە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و فەرەنسا بەهۆی رۆڵی ئەنقەرە لە هاوپەیمانیی ناتۆ، لیبیا و دەریای ناوەڕاست، گرژییان تێکەوتووە.

ماکرۆن داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات لە ناکۆکییەکانی دەریای ناوەڕاستدا، لە دژی تورکیا پشتی قوبرس و یۆنان بگرێت.

سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "دەبێت لە بارەی سەروەریی دەریای ناوەڕاست، کردار و قسەکانم وەکو یەک بن. دەتوانم پێتانبڵێم کە تورکەکان تەنیا رێز لەوە دەگرن و حیسابی بۆ دەکەن، بەڵام ئەگەر شتێک بڵێیت و جێبەجێی نەکەیت... ئەوەی کە فەرەنسا ئەم هاوینە کردی گرنگ بوو کە ئەویش سیاسەتی دانانی هێڵی سوور بوو. من لە سووریا ئەو کارەم کرد".

مەبەستی سەرۆکی فەرەنسا ئەو هێرشە ئاسمانییانەیە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی وڵاتەکەی لە دژی چەند شوێنێک لەنێو خاکی سووریادا ئەنجامدا کە گومان دەکرا چەکی کیمیاییان تێدا شاردرابێتەوە.

ئەم هەفتەیە فەرەنسا شانبەشانی ئیتاڵیا، یۆنان و قوبرس، بەشداربوو لە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش دوای ئەوەی ناکۆکیەکانی نێوان ئەسینا و ئەنقەرە بەهۆی گەڕانی تورکیا بەدوای نەوتدا لەو ناوچەیە هەڵکشان.

هاوکات ماکۆرن بەردەوام داوای کردووە کە دەبێت یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت "پێموانییە لەم ساڵانەی دواییدا ستراتیجی تورکیا وەکو ستراتجیی هاوپەیمانێکی ناتۆ بووبێت، بەوەی کە دەبینین وڵاتێک هێرش دەکاتە سەر ناوچەی ئابووری یان سەرەوەریی دوو وڵاتی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا..".

هاوکات جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری بە تورکیا دەدات، ئەگەر گرژییەکانی دەریای ناوەڕاست کەم نەکاتەوە ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنن.



rudaw
Top