رووسیا ئەمریکییەکان بە رێگری لە رۆژئاوای کوردستان تۆمەتبار دەکات
لێدوانەکەی رووسیا لەدوای ئەوە دێت لە رۆژی 26ی ئەم مانگە پێکدادانێکی سەربازی سنووردار لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی رووسیا لە ناوچەی مالیکییە لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە روویدا و بەهۆیەوە چەند سەربازێکی ئەمریکی برینداربوون.
ڤالێرلی گیراسیمۆڤ رایگەیاند: رووسیا بەر لە ئەنجامدانی گەشتە سەربازییەکەی ئاگاداری ئەمریکییەکانی کردەوە و "جووڵەی سەربازیمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بووە".
جۆن ئیلۆیت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکەدا بوون بەشێک بوون لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، گوتیشی، هێزە رووسەکان لەپڕ هێرشیانکردووەتەسەر هێزە ئەمریکییەکان کە بووەهۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەرباز.
بە گوتەی ئیلۆیت، رووداوەکە بەهۆی پێشێلکارییەکانی رووسیا لە پرۆتۆکۆلی ئەمنی روویداوە کە ئەمریکا و رووسیا لە ساڵی 2019ـەوە لە سەری رێککەوتوون.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەشڵێت، بە مەبەستی هێورکردنەوەی رەوشەکە، هێزە ئەمریکییەکان دەستبەجێ ناوچەکەیان جێهێشتووە. "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوای هەڵکشانی سەربازی لەگەڵ هیچ هێزێكدا نین، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا هەمیشە بەرگریی لە مافی بنچینەیی خۆیان دەکەن لەبەرگریکردنی خۆیان دژ بە هەر کردەوەیەکی دووژمنکارانە".
rudaw
