عەلی حەمەساڵح: لە باشماخ بارهەڵگرەكان بەبێ ئەوەی دەرگایان بكرێتەوە دێنە نێو هەرێمی كوردستانەوە

عەلی حەمەساڵح: لە باشماخ بارهەڵگرەكان بەبێ ئەوەی دەرگایان بكرێتەوە دێنە نێو هەرێمی كوردستانەوە
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد كە لە مەرزی باشماخدا بارهەڵگرەكان بەبێ ئەوەی تەنانەت دەرگاكەشیان بكرێتەوە، دێنە نێو هەرێمی كوردستانەوە و هیچ باج و گومرگێكیان لێ وەرناگیرێت.

عەلی حەمەساڵح لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد، ڤیدیۆكە شەوی ڕابردوو لە مەرزی باشماخ گیراوە، هەرچەندە چوار ڕۆژ لەمەوبەر ڕای گەیاندبوو كە هاتنە ناوەوەی بارهەڵگر بە قاچاخ ڕاگیراوە، بەڵام ”ئێستا خراپتر لە جاران دەستی پێكردووەتەوە و بارهەڵگر لە ئێرانەوە بەبێ كردنەوەی دەرگا و هیچ پرۆسەیەكی گومرگی دێنە نێو هەرێمی كوردستانەوە“.

ڕوونیشی كردووەتەوە، ڕۆژانە سەدان بارھەڵگر بەبێ پشکنین دێنە ناوەوە، وەك لە ڤیدیۆكەدا دیارە بە ھیچ شێوەیەک ئەو بارھەڵگرانە دەرگایان ناکرێتەوە تاوەکوو بزاندرێت چییان تێدایە. هەروەك دەشڵێت: ”ھێزە ئەمنییەکان خۆیان دەرگا و ڕێگا بۆ بارەکان دەکەنەوە تێپەڕ ببن، لە سەرجەم بازگەکانی ئاسایش بەبێ وەرەقەی گومرگ، تێپەڕ دەبن. واتە، ئەو ھێزانەی لەسەر بودجەی گشتی مووچە وەردەگرن، بەشێکن لەو قاچاخچێتییەی بەسەر خەڵکەوە دەکرێت“.

عەلی حەمەساڵح لەبارەی ئەو ڤیدیۆی قاچاخچێتییە كە لە مەرزی باشماخ دەكرێت، دەڵێت: ”بەرپرسانی باڵا، لە بری خەم و ژیانی خەڵک، خۆیان لە پشت قاچاخچێتییەوەن، ئەگەرنا ھیچ کەس ناتوانێت لە یەک شەودا تەنیا لە یەک بازگەوە ٢٢٠ بارھەڵگر دەربکات و قازانجی قاچاخچییەکان لە یەک شەو و لە یەک هێڵدا، یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار بێت!“.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان جەختی كردۆتەوە كە لە ڕێگەی ئەم قاچاخچێتییەوە چەندین ماددەی قەدەغەکراو و ئێکسپایەر هاوردە دەكرێن، جگە لەوەی ”دەیان ھەزار گەنج گیرۆدەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر بوون، مانگانە دەیان کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەگیرێت، قایمقامی پشدەر دەڵێت، هەرێمی کوردستان کەوتوەتە بازنەی بازرگانیکردن و ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەوە و لە هەمو شوێنە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان قاچاخچێتی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرێت".

بە گوتەی ئەو، لە ئەنجامی قاچاخچێتی و فێڵ و كۆمپانیاكاریدا، بە بڕی زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی هەریمی كوردستان كەوتووە.

باسیشی لەوە كردووە كە جگە لە پەروێزخان، لە مەرزەكانی دیكەش بە شێوەی دیكە هەندێك كاری نایاسایی دەكرێت.



basnwes
Top