ئەو ئافرەتە بەتەمەنەی ماڵەکەیان سووتاند: ئەیهاوار من بۆکوێ بڕۆم

ئەو ئافرەتە بەتەمەنەی ماڵەکەیان سووتاند: ئەیهاوار من بۆکوێ بڕۆم
عەزیمە شکور کە بە پورە عەزیمە بانگی دەکەن، جگە لە سەگەکەی و مریشکەکانی، رووح لەبەرێکی دیکەی لەو ناوە بۆ نەماوەتەوە. ئەو ئاگرەی ماڵەکەی سووتاند، ئەو گومان دەکات دەستی ئەوانەی لەپشت بێ که چاوی تەماحیان بڕیوەتە خاکەکەیان. گوتی "دوژمن پێمان شادبوو رۆڵە [پەیامنێری رووداو] بۆکوێ بڕۆم؟ چیم بۆماوە رۆڵە؟ هەمووی سووتاوە، ئەوەتا ئەمە ماڵەکەمە چیم ماوە بزانە".

پورە عەزیمە تەمەنی 74 ساڵانە، ئەو لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری2017ـەوە بە تەنیا خۆی ماوەتەوە و هەردوو کوڕەکەی کە پێشمەرگەن ئاوارەبوون، بەرگەی هەموو سەختییەکی گرتووە دەڵێت، بە ئومێدی گەڕانەوەی کورد بوو، دووجاریش هاتوونەتە سەر ماڵەکەی و هەڕەشەیان لێکردووە لەو گوندە بڕوات.

پورە عەزیمە بە دڵێکی پڕەوە بە رووداوی گوت، ئەوانەی ماڵەکەیان سووتاندووە، "یاخوا دەرگەکەیان بەقوڕبگیرێت". گوتیشی "حەوزەکەیان تەقاندەوە و باخەکەیان سووتاند، ئاخر من بۆکوێ بڕۆم ئەیهاوار".

دیمەنی چۆڵەوانی کۆبانێ و تاڵانی ماڵی ئەوانەی بەهۆی کوردبوونەوە ئێرەیان جێهێشتووە، گوزارشتە لە یاساشکێنی لەو ناوچەیەدا و بێدەنگی لە ئاست دەستبردن بۆموڵکی خاوەن ماف.

پورە عەزیمە لە سەردەمی شەڕی داعش ماڵەکەی کردبووە لانەی ئەو پێشمەرگانەی بوونە رێگر لەبەردەم پەلهاوێشتنی داعش. گوتی "پێنج ماڵی کورد مابووین، عەرەب 50، 60 و 70ـن، ئەوەتا هەموویان داگیرکرد و کردیانە کۆشک بۆخۆیان".

لە باشووری داقووق و ناوچەی کاکەیی کە 11 گوندی ئاوەدانی هەبوو، ئێستا تەنیا چوار گوندیان خەڵکی تێداماوە، لەوانەش دوانیان تادێ بەرەو چۆڵبوونی تەواوەتی دەچن.



rudaw
Top