سەنتەرێک لە سلێمانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەخاتە سەر کار

سەنتەرێک لە سلێمانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەخاتە سەر کار
وەستا فەرید، ماوەی سێ ساڵە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی سەرقاڵی کاری دارتاشییە لە کارگەیەکی بچوکدا. هەرچەندە 19 ساڵە بەهۆی مینەوە پێی چەپی لەدەستداوە، بەڵام ئەو نەوەستاوە و لەڕێگەی ئەو پیشەیەوە بژێوی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات.

وەستا فەرید، چوار ساڵ لەمەوبەر لە مەڵبەندی راهێنانەوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سلێمانی ناوی خۆی تۆمارکردووە و بۆ ماوەی پێنج مانگ بێبەرامبەر خولی دارتاشی بینیوە و فێری پیشەکە کراوە، هەر لەسەر ئەرکی ئەو سەنتەرەکە کارگەیەکی بچوکی بە هەموو پێداویستییە پیشەییەکانەوە بۆ کراوەتەوە.

وەستا فەرید کەریم کە سوودمەندی سەنتەری راهێنانەوەی ئیمێرجنسیە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "لەساڵی 2001ـەوە قاچی دەستکرد بەکاردێنم و لە ساڵی 2016ـەوە چوومە خولی سەنتەری راهێنانەوەی ئیمێرجنسی و بۆ ماوەی پێنج مانگ لە خولی فێربوونی دارتاشی بووم. ئێستا بوومەتە وەستایەکی باش، دووکانیان بۆ داناوم و زۆر دڵخۆشم کە دەتوانم بژێوی خێزانەکەم دابین بکەم".

سەنتەرەکە هەلی کاری بۆ زیاتر لە 600 خاوەن پێداویستیی تایبەت رەخساندووە و زیاتر لە 386 دووکانی پیشەگەری لە بوارەکانی (دارتاشی، پلاستیک، ئەلەمنیۆم، خەیاتی و سەراجی) و هەندێک کاری دیکە رەخساندووە.

ئەو سەنتەرە لەساڵی 1998ـەوە لە سلێمانی دامەزراوە و لەو کاتەوە دەست یان قاچ یان پاڵپشتیی دەستکردی بۆ شەش هەزار و 500 خاوەن پێداویستیی تایبەتی دروستکراوە و هەموو رۆژێکی هەفتەش بەشێک لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە سەردانیان دەکەنەوە بۆ چاککاری و توندوتۆڵکردنەوەی دەست یان قاچە دەستکردەکانیان.

سەنتەرەکە سەر بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن رێکخراوی ئیمێرجنسیی ئیتاڵییەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.

فارس حەمە، بەڕێوەبەری مەڵبەندی راهێنانەوەی ئێمرجنسییە لە سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، 22 ساڵە سەنتەرەکەیان بەردەوامە لە کار و لە دوو بەشی سەرەکیدا کار دەکەن، ئەوانیش دروستکردنی دەست و قاچ و پاڵپشتی دەستکرد و دۆزینەوەی کارە بۆ ئەو کەسانەی کە پەلەکانیان بۆ دروستدەکەن، "بودجەیەکی تایبەتیشمان بۆ ئەو کارانە بۆ دیاریکراوە".

مەحموود عەبدوڵڵاش ماوەی 24 ساڵە پێی چەپی بەهۆی مینەوە لەدەستداوە و لەو سەنتەرە چەند جارێک پێی دەستکردی بۆ دروستکراوە. ئەو لە ساڵی 1996ـەوە پێی چەپی بەهۆی مینەوە لە شارۆچکەی پێنجوێن لەدەستداوە و دواتر بەهۆی دروستکردنی پێی دەستکردەوە توانیویەتی، بە گوتەی خۆی "وەکو پێشتر دەست بە ژیان بکەمەوە".

لە سەرانسەر عێراق و کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سوودیان لەو سەنتەرە بینیوە، ئەوە جگە لەوەی لەگەڵ رەخساندنێکی هەر هەلێکی کاردا بۆ خاوەن پێداویستییەکی تایبەت خێزانێکیش سودمەند دەبن.



rudaw
Top