وردەكاری لەبارەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی خورماتوو ئاشكرا دەكرێت

وردەكاری لەبارەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی خورماتوو ئاشكرا دەكرێت
ئەفسەری بەشی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی گەڕەکی كۆماریی شاری خورماتوو، زانیاری لەسەر تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری خورماتوو ئاشكرا دەكات كە بە هۆیەوە سێ ئەندامی خێزانێكی كورد بریندار بوون.

ڕائید فازڵ عەباس، ئەفسەری بەشی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی گەڕەکی "كۆماری"ی شاری خورماتوو، ڕايگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/8/2020، بۆمبێكی چێندراوی دروستكراوی ناوخۆیی كە لەناو دەبەیەكی پلاستیك بووە، لەبەردەم ماڵی هاووڵاتییەكی كورد بە ناوی (عەبدولخالق سەعید) تەقییەوە و لە ئەنجامدا خۆی و خێزانەكەی و كوڕێكی بریندار بوون".

گوتیشی، برینەكانیان سەخت نییە و پۆلیسیش لەبارەی ئەو ڕووداوەوە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.

بەپێی زانیارییەكان، هەر یەك لە عەبدولخالق سەعید و خێزانەكەی بەناوی شەپۆل نەجات و كوڕەكەی بە ناوی یووسف عەبدولخالق بریندار بوون و پاشان گەیەندراون بە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بەمەبەستی چارەسەركردنی برینەكانیان.

ئەوەش زانراوە، سەرۆكی خێزانە دووكاندارە و هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەسدا نەبووە و ئەو تەقینەویە كردەوەیەكی تیرۆریستی بووە و بۆ هەراسانكردنی هاووڵاتییانی كوردە لەو گەڕەكە كوردنشینە شاری خورماتوو.

ماڵی ئەو هاووڵاتییە كوردە لە تەنیشت دووكانەكانی شارەوانییە و نزیكە لە قوتابخانەی سەربەستی سەرەتایی تێكەڵاو لە گەڕەكی كۆماری خورماتوو.












باسنيوز


Top