حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ گوڵان : کۆبوونەوەکە زۆر بابەتی ھاوبەشی پەیوەندار لەنێوان ھەردوو وەزارەت باسکرا
لەکۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو باس لە پاڵپشتی کارگەکانی بەرھەمھێنانی کشتوکاڵی کرا
ئەمڕۆ وەزیری کارەبا پێشوازی لە وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ شاندی یاوەری کردوو لەکۆبوونەوەیەکدا ھەردوو لا باس لەھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وەزارەتیان کرد بەتایبەتی لەبواری بەنداوەکان و دیاریکردنی تاریفەی کارەبا بۆ پرۆژەکانی پەلەوەر و کشتوکاڵ و ھەندێک لەکارگەکانی بەرھەمی کشتوکاڵی ؛ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ گوڵان حوسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتی : کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زۆر بابەتی ھاوبەشی پەیوەندار لەنێوان ھەردوو وەزارەت باسکرا بەتایبەتی بابەتی بەردانەوەی ئاوی دوکان و دەربەندیخان و تەنسیقکردن بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و پێداویستیەکانی بەنداوەکان، ھەروەھا باس لەبابەتێکی گرنگ کرا کە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی بەرھەمەمی خۆماڵی کشتوکاڵی گرنگە ئەویش تاریفەی کارەبای زۆر لە پرۆژەکانی پەلەوەر و کارگەکانی بەرھەمی ناوخۆیی کشتوکاڵی یە ، تاوەکو وەزارەتی کارەبا ئەم کارگانە بخاتە سەر پۆلی کشتوکاڵی و پاڵپشتیان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی تێچوون ، لەلایەن خۆیەوە وەزیری کارەبا ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ رێکخستن و بەدواداچوونی ئەم بابەتە و ئامادەیشی دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بەتایبەتی لەبواری کەرتی کشتوکاڵدا تاوەکو بتوانن کێبرکێی بەرھەمی بیانی بکەن.
