لە هەولێر پیاوێک شۆفێرێکی تەکسی بە حەوت هەزار دۆلار دەکوژێت

لە هەولێر پیاوێک شۆفێرێکی تەکسی بە حەوت هەزار دۆلار دەکوژێت
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی "بکوژێکی" بڵاوکردووەتەوە کە تۆمەتبارە بە کوشتنی شۆفێرێکی تەکسی لە شاری هەولێر، تاوانەکە لە 13ی ئاب لە گەڕەکی گەلاوێژی شاری هەولێر روویداوە، ئەمڕۆ هەواڵی دەستبەسەرکردنی بڵاوکرایەوە.

تۆمەتبار بەناوی "هـ. م. ع" دانیشتووی گەڕەکی مامۆستایانە لە شاری هەولێر لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، شۆفێری تەکسییەکە لەگەڵ بنەماڵەیەکی دیکە کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە و داوایان لەو کردووە لە بەرامبەر حەوت هەزار دۆلار بۆیان بکوژێت.

تۆمەتبارەکە دەڵێت، پاش ئەوەی شۆفێری تەکسییەکە دەکوژێت، بە بنەماڵەکەی رادەگەیێنێت کە کارەکەی بۆ کردوون، بەڵام پێیان گوتووە بە هەڵە کوشتوویەتی و ئەو کەسەی کوژراوە برای ئەو کەسەیە کە بڕیاربووە بیکوژێت، بۆیە پارەکەیان پێنەداوە و تەلەفۆنیان لەسەر داخستووە.

پاش چەند رۆژێک لە رووداوی کوشتنەکەش، تۆمەتبار لەلایەن ئاسایشەوە بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە. تۆمەتبارەکە دەشڵێت، پێشتر لە زیندان کەسێکی ئەو بنەماڵەیەی ناسیوە.

Top