کاپتنی کەشتییەکەی بەیرووت: پێموانییە نیتراتی ئەمۆنیۆم هۆکاری تەقینەوەکە بووبێت
باریس پرۆکۆشێڤ هۆکاری داگرتنی بارەکە لە بەیرووت دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ویستوویانە لەوێ باری دیکەش بخەنە سەر کەشتییەکە، ئیدی لەوێ لە بەندەری بەیرووت کێشەکە سەریهەڵداوە.
باریس پرۆکۆشێڤ، کاپتنی کەشتیی رۆسوس بە رووداوی راگەیاند "کاتێک لە بەیرووت ویستمان باری دیکە لە کەشتییەکە بارکەین، خەریکبوو کەشتییەکە تێکبشکێت، چونکە بارەکە قورس بوو، بۆیە نەمانتوانی؛ خاوەنی کەشتییەکە ماوەی هەفتەیەک فشاری لە من کرد کە دەبێت ئەو بارەش بارکەین، پێمگوت ناتوانین، کەشتییەکە دەشکێت. ئینجا گوتم باشە خۆت وەرە باریبکە، بەڵام ئەو نەهات".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە ئەو باری نیتراتە ئەمۆنیۆمە پەیوەندیی بە حیزبوڵڵای لوبنانەوە هەبووبێت، پرۆکێشێف دەڵێت، حکومەتی لوبنان خۆیان ناچاریان کردووە بارەکە لەوێ دابگیرێت، بە شێوەیەکی زۆر باش و دوور لە مەترسی بارەکەیان لە کۆگا داناوە، "ئەگەر ئامانجێکی تیرۆریستی لەپشتەوە بووایە، دانانی بارەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبوو".
کاپتنی کەشتییەکە پێیوایە هۆکاری تەقینەوەکە نیتراتە ئەمۆنیۆمەکە نەبووە، بەڵکو بەهۆی تەقینەوەی دیکەوە ئەویش تەقیوەتەوە.
کاپتنی کەشتی رۆسوس باس لەوە دەکات "بەپێی تایبەتمەندییەکانی نیتراتی ئەمۆنیۆم، خۆی لەخۆوە ناتەقێتەوە، من کە سەیری ڤیدیۆکانی تەقینەوەکەم کرد سەرەتا دووکەڵ بوو، دواتر ئاگر پەیدابوو، ئینجا شتێک لەناو ئاگرەکەدا دەردەچوو بەرەو ئاسمان کە لەڕووی تەکنیکییەوە ئەو شتانە لە رۆکێت دەچوون، دواتر تەقینەوە گەورەکە روویدا، واتە بەکورتی هۆکاری تەقینەوە گەورەکە هۆکارێکی دیکە بووە کە نیتراتی ئەمۆنیۆمەکەی تەقاندووەتەوە".
rudaw
