بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک لە دووکان سەدان مریشک تیاچوون
بەپێی راگەیێندراوەکەی قائیمقامییەتی دووکان، بارھەڵگرەکە کە مریشکی هەڵگرتووە، ئێوارەی 26ی ئاب، بەھۆی نەمانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەوە وەرگەڕاوە.
رووداوەکە لە خوار گوندی تۆبزاوا روویداوە، شۆفێر و سەرنشینەکەی بە رەچەڵەک عەرەبن و برینداربوون، برینی شۆفێرەکەش سەختە.
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دووکان لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند "بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەھید غەریب ھەڵەدنی لە قەزای دووکان و تیمی پۆلیسیش ئاگادارکراوەتەوە چاودێریی رووداوەکە بکەن تاوەکو خاوەنی یەکەمی مریشکەکان کە دانیشتووی ناوچەی بنگردن، مریشکە زیندووەکان جیابکەنەوە".
بەپێی راگەیاندنی قائیمقامی دووکان، لەمساڵدا ئەمە دووەمین رووداوی ھاتووچۆیە کە بارھەڵگری مریشک لە قەزای دووکان وەردەگەڕێت و قوربانیی لێ دەکەوێتەوە.
rudaw
