ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ مووچە دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ مووچە دەکات
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە بۆ عێراق کۆبووەوە، لە بەشێکی قسەکانیدا لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی "بە دڵنیاییەوە ئێمە هۆشیارانە رێز لەو رێککەوتنەی دوایی نێوان بەغدا و هەولێر دەگرین، لەنێویدا خەرجکردنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو ئاستەنگانە قسەیکرد کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، لەوانەش کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، دابەزینی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی هەژاری، تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەران و چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق بەشێکی سەرەکیی گوتەکەیشی تایبەت کرد بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گوتی "دەستووری عێراق لە 2005 لە کاتێکی پڕ لە گوشاردا نووسرایەوە. بنەما گشتییەکان لە تێکستێکدا جێیکرایەوە، وردەکاریی جێبەجێکردنەکەی لەلایەن دەسەڵاتی پاڵپشتیکاریی شەرعییەوە دیارینەکرا. دوای 15 ساڵ دیارینەکردنی، ئەو وردەکارییانە بەردەوام جێگەی ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".

نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق راشیگەیاند "15 ساڵە هیچ رێککەوتنێک لەسەر بنەمای بەرەوپێشچوونی سیستەمی فیدراڵی ئەنجامنەدراوە. 15 ساڵە رێککەوتن لەسەر بەشکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە. 15 ساڵە هەنگاو نەنراوە بۆئەوەی هەولێر و بەغدا پێناسەی ماف و پابەندییەکانیان بکەن. لەبری ئەمانە ببینن، ئێمە شایەتی قەیرانێکی دیکەی ئیدارەدانی گفتوگۆ و دانوستاندنین. بە دڵنیاییەوە ئێمە هۆشیارانە رێز لەو رێککەوتنەی دوایی نێوان بەغدا و هەولێر دەگرین، لەنێویدا خەرجکردنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

رۆژی 15-08-2020 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر رێککەوتنێک، دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات.

دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بەغدا رازیبوو 320 ملیار دینار وەکو بەشە مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەو نزیکبوونەوەیەش لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازیی گەرمی لێ کرا.

کریستۆف هۆیسگن، نوێنەری ئەڵمانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت "ئێمە پێشوازی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رێککەوتنە کاتییەکەیان دەکەین، هەروەها هانی هەردوولا دەدەین کە لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن، لەنێویشیاندا ئەوانەی کە پەیوەندییان بە سەرچاوە سرووشتییەکان، هاوبەشکردنی بودجە و لایەنی ئاساییشەوە هەیە".

هەروەها گێنگ شوانگ، جێگری نوێنەری چین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێشوازیی کرد لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتی بودجە و هاوبەشکردنی سەرچاوەکانی داهات، گوتیشی "هانیان دەدەین کە بەردەوامبن لە پێکەوە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن، ئامادەن لەسەر بنچینەی دەستوور کێشەکانیان لەگەڵ عێراق چارەسەربکەن.



rudaw
Top