پۆمپیۆ داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران یەكگرتوو بن
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ڕۆژی یەکشەممەی پێشووەوە گەشتێکی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کردووە، لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو داوا دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی ئێراندا یەکدەنگ بوون.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەوە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، نووسیویە: "دڵخۆشم بە یەکەم گەشتی ئاسمانی لە ئیسرائیلەوە سەردانی سوودان دەکەم".
مایک پۆمپیۆ لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئێوارەی دوێنێ سێشەمە ٢٥/ ٨/ ٢٠٢٠ لە خەرتۆم پایتەختی سوودانەوە گەیشتە بەحرێن و هاوکات لە تویتێکی دیکەشدا دوای سەردانەکەی لە سوودان لە (تویتەر) نووسیویە: "دڵشادم ئەمڕۆ گەیشتمە کەنداو، یەکەم وێستگەشم بەحرێنە".
ئاماژەی بەوەش کردوو: "ئێمە ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکگرتوویی وڵاتانی کەنداو هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران و بنیاتنانی ئاشتی و گەشەسەندنێکی بەردەوام".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە: "رێککەوتنەکەی ئیبراهیمی (ئاماژەیە بۆ ئاساییبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات) دەری دەخات، کە دەکرێت ئاشتی بەدی بێت".
پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا رای گەیاندبوو، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات ناو دەنرێتە "رێککەوتنی ئیبراهیمی".
لە 13ی ئابدا، دۆناڵد ترەمپ رای گەیاند، ئیمارات و ئیسرائیل گەیشتوونەتە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئەمەشی بە (رووداوێکی مێژوویی) ناو برد.
باسنیوز
