ئەبوبەكر هەڵەدنی: دەستدرێژی بۆ سەر موڵكەكانی حكوومەت و حزب ناچێتە چوارچێوەی خۆپیشاندانەوە

ئەبوبەكر هەڵەدنی: دەستدرێژی بۆ سەر موڵكەكانی حكوومەت و حزب ناچێتە چوارچێوەی خۆپیشاندانەوە
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە په‌رله‌مانی كوردستان رای گەیاند، دەستدرێژیكردنە سەر موڵكەكانی حكوومەت و حزبەكان، ناچێتە چوارچێوەی خۆپیشاندانی ئاشتییانەوە.


ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئەندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌ لێژنه‌ی ناوخۆ و شاره‌وانی و مافی مرۆڤ راسپێرێت بۆ بەدواداچوونی ئه‌و دۆسیانه‌ی لە شارەوانیی هەڵەبجە سووتێندراون“.


ڕوونیشی كردەوە ”ده‌بێت خۆپیشاندان مه‌ده‌نیانه‌ بێت، ناكرێت بە لاڕێدا ببرێت و به‌ ئاقاری خراپدا ببرێت، دەستدرێژی بۆ سه‌ر ماڵ و موڵكی حكوومه‌ت و حزبەكان، ناچێته‌ چوارچێوه‌ی خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە“.


ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو داوا دەكات خەڵكی ئەگەر خۆپیشاندانیان كرد، ڕێگە بەو جۆرە كەسانە نەدەن و دووری بخەنەوە كە هەوڵی زیان گەیاندن بە موڵكی حكوومەت و حزبەكان دەدەن.


هەر لەمبارەیەوە عه‌باس فه‌تاح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند ”هەر حزبێك خۆی بكاتە خاوەنی خۆپیشاندانەكان، ئەوا لە دەرئەنجامەكانی ئەو خۆپیشاندانەش بەرپرسیار دەبێت“.


دووپاتیشی كردەوە كە دەبێت هەمووان لەوە تێبگەن، سووتاندنی بارەگای فەرمانگەكانی حكوومەت و هێرشكردنە سەر بارەگای حزبەكان، ”كارێكی خراپە و خۆپیشاندان بە لاڕێدا دەبات، چونكه‌ لەم باره‌گایانه‌وە خزمه‌ت به‌ هاووڵاتیان دەكرێت نه‌ك زیانیان بۆیان هه‌بێت“.


ڕۆژی شەممە ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٠، گرووپی نەوەی نوێ كە سەرۆكەكەیان بازرگانێكی قەرزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و پارەی زیاتر لە ١٠ هەزار خاوەن پشكی پڕۆژەی چاڤیلاندی خواردووە و نایگەڕێنێتەوە، لە ڕێگەی میدیاكانیانەوە هانی خەڵكییان دا بۆ خۆپیشاندان و لە ئەنجامیشدا بەشێك لە باڵاخانەی قایمقامیەتی كەلار، باڵاخانەی شارەوانیی هەڵەبجە و بنكەی پۆلیسی هەڵەبجە سووتێندران و چەند جارێكیش تەقە لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە كرا.


basnwes
Top