لە دهۆک بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە 10 هەزار دۆنم دارستان و زەویی کشتوکاڵی سووتاون
لە دەڤەری بەرواری باڵا لە سێ رۆژدا 800 دۆنم دارستان سووتاون. بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە ئاگر گەیشتووەتە نزیک گوندەکان. گوندنشینەکان ئاگرەکەیان کوژاندەوە تاوەکو ماڵەکانیان بپارێزن.
تهبسیما ئهکرهم، جووتیارە و دەڵێت، "ئاگر زیانی پێگەیاندووین. ئەو زەوییە بەیارەم سووتا. بەشێک لە زەویی باخی سێوەکەیشم سووتا کە نزیکی خانووەکان بوو".
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەویی دارستان و کشتوکاڵ بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە سووتاوە. هەندێک شوێن هەن کە سێ-چوار ساڵە لەسەر یەک دەسووتێنرێن؛ مەترسی لەناوچوونی هەندێک دار و رووەکی ناوچەکە هەیە.
رێبهر دێریشك، جووتیارە و دەڵێت، "وەک دەبینین ئەمساڵ زۆر شوێن سووتێنراون. بەدڵنیاییەوە گەلێک داری بەری سووتاون و مەترسیی ئەوە هەیە کە لەناو بچن. بەشێک لەو دار و گژوگیایانە هیوای شینبوونەوەیان لێناکرێت".
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کانی ماسێ، لە سنووری ئەوان لەمساڵدا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار دار و کشتوکاڵی خەڵکی سووتاون.
سهربهست سهبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی هەبوونی مینی سەردەمانی پێشووەوە کە دەتەقنەوە، کەرەستەی پیویستمان نییە. ناوچەکەیش چیاییە و زۆر جێ دژوارە".
لەو زیانەی بەر ژینگەی ناوچەکە کەوتووە، رێژەیەکی زۆری داری چیایی بەرهەمدارن کە تەمەنیان دەیان ساڵ دەبێت.
rudaw -
