پێشنیاز كراوە دەوامی خوێندن لە سێكتەری خوێندنی باڵا ئارەزوومەندانە بێت

پێشنیاز كراوە دەوامی خوێندن لە سێكتەری خوێندنی باڵا ئارەزوومەندانە بێت
ئەندامێكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە په‌رله‌مانی كوردستان رای دەگەیەنێت، بۆ چۆنیەتیی دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن بۆ ساڵی 2020 - 2021 چەند پڕۆژە پێشنیازێك كراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەبارەی یەكێك لەو پڕۆژە پێشنیازانە دەدرێت.

حەسیبە گەردی، ئەندامی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕايگه‌یاند: "تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەی دوێنێی لێژنەكەمان باسكردن بوو لەسەر دەستپێكردنەوەی خوێندن لە هەردوو سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا و ئامادەكارییەكانی هەردوو وەزارەت و پلان و بەرنامەكانیان بۆ چۆنیەتیی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن. بۆ ئەم مەبەستەش چەند پڕۆژە پێشنیازێك پێشكەش كراوە.

سەبارەت بە خوێندنی باڵا، ئەو پڕۆژە پێشنیازەی كە گفتوگۆی لەسەر كراوە، ئەوەیە كە دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن بە شێوەی ئارەزوومەندانە بێت، واتە قوتابیان سەرپشك بكرێن لەوەی دەیەوێت لەناو هۆڵەكانی خوێندن ئامادە بێت یاخود لە ماڵەوە بە شێوەی ئۆنڵاین وانەكان بخوێنێت، بۆ ئەوەی كەمترین بەریەككەوتن هەبێت. بۆ هەڵبژادنی باشترین پڕۆژە بڕیاریش كە لە بەرئەوەندیی قوتابیاندا بێت، وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بانگهێشتنی وەزیری خوێندنی باڵا و تێژنەوەی زانستی و ئەنجوومەنی زانكۆكان بكەین بۆ ئەوەی بزانین ئەو بەرنامەیەی كە ئەوان دەیانەوێت بڕیاری لەسەر بدەن، كام پڕۆژە پێشنیازە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "سەبارەت بە سێكتەری پەروەردە بە هەمان شێوە چەند پێشنیازێك هەیە بۆ میكانیزمی دەستپێكردنەوەی خوێندن، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر هیچكام لەم پێشنیازانە نەدراوە. پێشتر وا بڕیار بوو سەرەتای دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ قەرەبووی ئەو خوێندنە بكرێتەوە كە لە وەرزی دووەمی ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڕاگرتنی دەوام نەتواندرا بخوێندرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لەو وادەیە ئەنجام دەدرێن، بۆیە تا ئێستا وادەی دەستپێكردنەوەی خوێندن دیاری نەكراوە".

حەسیبە گەردی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بە دڵنیایەوە لەوانەیە زۆر كەس ئەو پرسیارە بكات بۆچی لە سێكتەری خوێندنی باڵا دەتواندرێت خوێندن دەست پێ بكاتەوە، بەڵام لە سێكتەری پەروەردە ناتواندرێت ؟ هەموومان ئەوە دەزانین كە كۆبوونەوەیەكی زۆر لە ناوەندەكانی خوێندن هەیە و ژمارەی قوتابیان لە قوتابخانە حكومییەكان یەكجار زۆرە، بۆیە لەوانەیە نەتواندرێت مەرجە تەندروستیەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێن، بۆیە دەبێت میكانیزمێكی تایبەتی بۆ دابندرێت".

ئەو ئەندامەی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەو شێوازە دەوامكردنە بۆ ماوەیەكی كاتی دەبێت تا ئاساییبوونەوەی بارودۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و ئەگەر هەركات لەلایەن لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆناوە لە هەرێمی كوردستان ئەو راگەیەندرا كە بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ كراوە و مەترسی نەماوە، لەو كاتەدا دەوامكردن لە هەردوو سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەچێتەوە سەر شێوەی ئاسایی خۆیی و بە شێوەیەكی رێكوپێك لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبن".












باسنيوز

Top