مەسروور بارزانی دەستخۆشی لە بەرپرسانی گەرمیان دەکات لەسەر مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە لەکاتی دروستبوونی پشێوی و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حکومەت و موڵک و ماڵی گشتی و هاونیشتمانیان لە سنووری گەرمیان، "بەرپرسانی دەڤەرەکە بەرپرسانە رەفتاریان کردووە و هەوڵی پاراستنی موڵکی گشتی و خەڵکیان داوە".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "بەداخەوە خەڵکێک هەوڵدەدات داوای رەوای هاووڵاتییان بۆ مەرامی سیاسی و شەخسیی خۆی بەکاربهێنێت و هانی خەڵک دەدەن بۆ تێکدان و سووتاندنی موڵکی گشتی و پشێوی نانەوە، ئەم رەفتارانەش بە تاوان دادەنرێن و پێویستە ئەنجامدەرانی، رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر".
مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی نەخوازراوی تەندروستی و قەیرانی دارایی، کە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەی بەوە دا "تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هەماهەنگی و هاوکاریی هەموو لایەکی پێویستە".
لەدوای گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی رۆژی 22ی ئابی شاری کەلار، بەشێک لە خۆپێشاندەران لەنێو بازاڕ ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ دواتر بەشێکیان بەرەو باڵەخانەی قایمقامییەتی شارەکە رۆیشتن و ئاگریان تێبەردا، ناوە ناوەش دەنگی تەقە لە نزیک باڵەخانەی قایمقامییەت دەبیسترا.
rudaw
