پێشمەرگە پێکهێنانی بنکەی سەربازیی هاوبەش لە قەرەهەنجیر رەتدەکاتەوە
لیژنەیەکی هێزە عێراقییەکان چووە قەرەهەنجیر و پێشنیازی پێکهێنانی سەنتەری هاوبەشی ئۆپراسیۆنیان لە بارەگای لیوای 1 کرد، بەپێی زانیارییەکانی رووداو فەرماندە مەیدانییەکانی پێشمەرگە ئەو بیرۆکەیەیان رەتکردووەتەوە و رازی نین ژووری ئۆپراسیۆن نە لە قەرەهەنجیر و نە لە چیمەن پێکبهێنرێت؛ کورد رایگەیاندووە کە تەنیا شوێنێکی گونجاو بۆ سەنتەری هاوبەش، سەربازگەی کەیوەنە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لەلایەن فەرماندەی هێزە چەکدارەکانەوە بڕیاری دواخستنی پرۆسەی پێکهێنانی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەرچووە. بەربەستی سەرەکی لەبەردەم کارەکان، جگە لە رێکنەکەوتن لەسەر شوێنی سەنتەرەکان، گوشارە سیاسییەکانە.
خالید موفرەجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "سەپاندنی بڕیارەکان لەلایەن بەغدا و هەولێر لەسەر خەڵکی کەرکووک رەتدەکەینەوە".
تورکمان و عەرەب دوو یاداشتی ناڕەزاییان لەسەر پێکهێنانی ژووری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان گەیاندە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان و پارێزگاری کەرکووک؛ ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەڵێت "ئەمڕۆ یاداشتەکەمان بە فەرمی رادەستکردن، ئامادەییمان هەیە بۆ هەماهەنگی لەسەر ئەم پرسە، سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی لەنێوان پاسەوانی هەرێم و هێزە فیدراڵییەکان لاریمان نییە لە کردنەوەی، بەڵام دەمانەوێت لە دەرەوەی سنووری کارگێڕیی پارێزگای کەرکووک بێت".
پێداگریی کورد بۆ پێکهێنانی ژووری هاوبەش لەسەر بنەمای درککردنە بە بۆشایی ئەمنی و زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش
لەو ناوچانەی کەلێنی ئەمنییان تێدایە. کورد دژی ئەو خواستەی لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانە کە دژایەتیی بوونی پێشمەرگە دەکەن، لەکاتێکدا پێشمەرگە ئەزموونی سەرکەوتووی لەم ناوچانە هەیە.
هاونیشتمانیان چاویان لە یەک گوتاریی کوردە بۆئەوەی بەسەر ئەو بەربەستانە تێپەڕن کە رێگرن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگاکه. یوسف ناسیح بەرگدرووە و دەڵێت، گوتارەکەی ئەحمەدی خانی زۆر جوانە کە دەڵێ "گەر ئێمە یەکبین، تورک و عەرەب و عەجەم ئەبنە غوڵامت، بەڵام ئێمە نامانەوێت ببین بە غوڵاممان، بەڵام دەمانەوێت خۆمان یەکگرتووبین تاوەکو کەرامەتمان پارێزراوبێت".
بەپێی رێککەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، چوار سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش لە کەرکووک، خانەقین، مەخموور و دەشتی پێکدەهێنرێن، هاوکات شەش لیژنەی نێوان هەردوولا هەڵسەنگاندنی ئەمنیی ناوچە دابڕاوەکان دەکەن و کار بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان دەکرێت؛ بەڵام عێراق لە هەوڵدایە کاری لیژنەکانیش بخاتە نێو سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگییەوە.
rudaw
